بەڕێوەبری بەڕێوەبەرایەتی مادە هۆشبەرەکانی ئاسایشی سلێمانی ئاشکرای
دەکات، لیژنەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان پێک دەهێندرێت و سەرۆکی
حکومەت و جێگرەکەی سەرپەرشتی دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەم 23ی ئایار/مایۆ، جەلال
ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی مادە ھۆشبەرەکانی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی
ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵا بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و
وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مادە ھۆشبەرەکان پێک دەھێنرێت.
جەلال ئەمین رەوانەکردنی مادەی هۆشبەری بۆناو گرتووخانەکانی سلێمانی
بە کۆسپێکی گەورە هەژمار کرد و دووپاتی کردەوە، بردنی مادەی هۆشبەر بۆناو
گرتووخانەکان یەکێکە لەکێشە گەورەکان، زۆرکات ژنان بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەھێنرێن، بەڵام
ئێمە تا رادەیەکی بەرچاو ڕوبەڕوی بوینەتەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەئێستادا داوای کردنەوەی نەخۆشخانەمان کردووە
لە شارەکانی سلێمانی و ھەولێر بۆ ئەوەی ئالودەبوان بە مادە هۆشبەرەکان تیایدا
چارەسەر وەربگرن و دواتر تێکەڵ بە ککۆمەڵگە بکرینەوە.
"بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە کوردستان
نەبێت بە دیاردە، بەردەوامین لە بەدواداچوونەکانمان و بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی
پێشوو رێژەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە" بەڕێوەبەری
بەڕێوەبەرایەتی مادە ھۆشبەرەکانی ئاسایشی سلێمانی وای گوت.
بەپێی راگەیەندراوەکانی ئاسایشی سلێمانی زۆربەی ئەو مادە هۆشبەرانەی
لە لایەن ئاسایشەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت لە ئێرانەوە ئاودیوی باشووری کردستان
دەکرێت و مەرزی باشماخ و بەتایبەت پێنجوێن شوێنی سەرەکی هاوردەکردنی مادە
هۆشبەرەکانن لە لایەن بازرگانانەوە بۆ هەرێمی کوردستان.