خۆپیشاندەرانی شارەبان رێگەی بەغدا و کوردستانیان داخست

:: PM:03:20:23/05/2017 ‌


بەهۆكاری خراپی دۆخی تەناهی و نەپاراستنی گیانی هاوڵاتیان، دانیشتووانی شارۆكەی شارەبان و چەند گوندێكی دەورووبەر رێگەی هاتوچۆی نێوان هەرێم و بەغدایان داخست و داوای لادانی بەرپرسانی هێزەتەناهیەكانی ناوچەكەیان كرد كە شیعە مەزەبن.

دانا محەمەد یەكێك لە شۆفێرەكانی هیڵی بەغدا بۆ کوردستانە و بۆ "وشە" ئاماژەی دا بەستنی رێگای نێوان هەرێم و بەغدا بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەئات ئەوانی پاش خست و دواتر بە تكایەكی زۆر رێگەی چونیان پێدرا بۆ بەغدا، هەتا ئێستەیش رێگە لە دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گیراوە و ناتوانن بگەڕێنەوە ناو کوردستان.

مەحمود خەلیل وەک نوێنەری خۆپیشاندەران لەپەیوەندیكەدا بۆ " وشە" ئاماژەیدا، یاداشتیان ئاراستەی پارێزگاری دیالە كردووە بۆ ئەوەی بەرپرسانی تەناهی ناوچەكەیان و فەرماندەی پۆلیسی دیالە بگۆڕێن چونكە نایانهەوێ گیانی هاوڵاتیان بپارێزن .

زیاتر روونی دەکاتەوە، سەرباری هێزەكانی حەشدی شەعبی، تەواوی بەرپرسانی سوپا و پۆلیس لە مەزهەبێكی دیاریكراو پێكهاتوون و خەڵكی ناوچەكەش نین بۆیە ئەوە هۆكارێکی سەرەکییە ئەوان زۆر دڵسۆزی ناوچەكە نەبن.

ئەگەرچی بەرپرسانی حەشد و پۆلیس لەسەر ئەو رووداوە لێداونیان نەدا، بەڵام موسەنا عەلی پارێزگاری دیالە، لە پەیوەندیەكەدا بۆ "وشە" رایگەیاند، داواكاری خۆپیشاندەران بەهەند وەردەگرین و داوامان كردوە داواكاریەكانیان بەخاڵ بنێرن بۆمان.

پارێزگاری دیالە ئاشکرای دەکات، هێزی تایبەت رێگاكەی كردۆتەوە و خۆپیشاندانەكە بەرەو كۆتای دەچێو لەبارەی گۆڕینی بەرپرسانی سەربازی لەو ناوچەیە ئامادە نەبوو هیچ روونکردنەوەیەک بدات.

گەرمیان / سەبری هۆرینی





وشە - هیدایه‌ت جان