دیجاڤۆ چییە و بۆچی روو دەدات؟

:: PM:06:12:23/05/2017 ‌

رەنگە زۆرێك لە ئێمە ساتێك لە ساتەكانی ژیان هەست بەوە بكەین كە ئەوەی ئێستە بەسەرماندا دێت، پێشتر رووی داوە و هەست بە دووربارەوبوونەوەی دەكەین و لەوەش دڵنیاین كە پێشتر رووی داوە، كەچی شتەكە نوێیە و پێشتر رووی نەداوە، بەڵام هۆكاری ئەوە چییە؟.

چەند لێكدانەوەیك بۆ ئەو دیاردە دانراوە كە زۆرێكیان پێوەندیان بە راستی حاڵەتەكەوە نییە، وەك ئەوەی دەڵێن ئەوانە كەسی نائاسایین و شتی جیاواز دەبینن، واتە بەر لە روودانی، هەشیانە باسی بینینی شتەكە پێشتر لە خەودا و هیتریش دەڵێن كە ئەوەیان بەڵگەی دووبارەهاتنەوەی گیانی مرۆڤەكانە كە پێشتر ژیاون و دویای مردنیان بەبەر مرۆڤێكی تر كراوە، واتە پێشتر بەسەر مرۆڤەكەی پێش تۆ هاتووە و ئێستەش گیانت كە هۆی ئەوە هەست بە روودانەوەی شتەكە دەكات.

بێگومان هەموو ئەو لێكدادانەوە تەنیا خەیاڵن و رەنگە لە گاڵتەكردنەوە نزیكتر بن، لە راستیدا ئەو حاڵەتە پێوەندی بە دیاردەیەیەكی زانستی هەیە بەناوی خەیاڵی پێشتر بینین یان ئەوەی بە فڕەنسایی پێی دەڵێن " Déjà vu".

نزیكترین لێكدانەوە بۆ ئەو دیاردە ئەوەیە كە مێشكی مرۆڤ كە كۆنترۆڵی هەموو شتێكی ژیانی دەكات، كە رەنگە مێشك بۆ ماوەی چەند چركەیەك لە تێگەیشتن و درككردن شتەكە دوا كەوتبێت و ئەوەش هۆكاری ئەوەیە كە هەست بەوە بكرێت كە ئەو شتە پێشتر رووی داوە، لێكدانەوەیەكی تر هەیە كە ئەو نایەكبوونەوەی لە مێشك روو دەدات وا دەكات تێكەڵییەك بكەوێتە نێوان هەستەكانی رابردوو و ئێستە، واتە هەموو لێكدانەوە زانستییەكان یەك شت دەسەلمێنن ئەویش ئەوەیە كە ئەو دیاردە تەنیا خەیاڵە كە مێشكت تۆی پێ خەڵەتاندووە و هیچی تر. 

بۆیە دیاردە یان بیردۆزی دیجاڤۆ دەكرێتە سێ جۆر، یەكەمیان ئەوەیە كەسەكە هەست بەوە دەكات شتەكەی پێشتر بەسەریدا رووی داوە، بەڵام تەنیا هەستكردنە، دووەمیش كەسەكە دڵنیایە لە روودانی پێشتری شتەكە و سوێندیش بۆ ئەوە دەخوات، و سێیەمیش دووبارەبوونەوەی زۆری حاڵەتەكەیە لەگەڵ چوونی بۆ هەر شوێنێكی نوێ كە پێشتر نەیبینیووە و وا هەست دەكات كە پێشتر بینوویەتی. 

توێژەر ئەكیرا ئۆكۆنۆر لە زانكۆی سانت ئەندرۆس لە بەریتانیا چەند بەڵگەیەكی دەست كەوت كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو دیاردە بریتییە لە تەكنیكێك كە مێشك بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی و تەندروستی یادەوەریمان بەكاری دێنێت. 

لێرەدا دەردەكەوێت كە ئەو دیاردە بە كاریگەری بەتەمەنداچوون بۆسەر یادەوەری مێشكەوە بەستراوەتەوە، دیجاڤۆ زیاتر لە تەمەنی منداڵییەوە دەردەكەوێت و لەگەڵ بەتەمەنداچوون كەم دەبێتەوە و نامێنێت، لێكدانەوەی ئەوەش ئەوەیە كە لەگەڵ چوونە ناو تەمەن یادەوەری مرۆڤ لاواز دەبێت و ئەوەش پاڵی بە ئۆكۆنۆر نا كە بۆ گۆڤاری "نیو ساینتێست" بڵێ كە ئەگەر هاتوو ئەو دیاردەیە دووبارە بووەوە لەهەر كەسێك، ئەوە خۆتان نیگەران مەكەن، چونكە نیشانەی ئەوەیە كە تەندروستی مێشكت باشە.  

سەرچاوە: مرسال




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل