"سەربەخۆیی كوردستان تەنیا پێوەستماوە بە كات"

:: PM:06:38:23/05/2017 ‌

بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی ئەمەریكا وای دەبینێت كە سەربەخۆیی كوردستان تەنیا پێوەستماوە بە كات، ئەوەش لەو كاتەی كوردستان خۆی بۆ ریفراندۆم لەسەر چارەیخۆنووسین ئامادە دەكات.

ئەو قسانەی جەنەڕال فنسنت ستیوارت ئەمڕۆ سێشەم هاوكاتە لەگەڵ سەردانی شاندێكی باڵای كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بۆ واشنتن بۆ باسكردنی ئەو پرسە و چەند پرسێكی تر لەگەڵ بەرپرسانی كۆشكی سپی. 

ستیوارت لە لێدوانێكی بۆ راگەیاندنەكانی ئەمەریكا گوتی كە پرسی سەربەخۆیی كوردستان تەنیا پێوەست بەكات ماوە، ئەو قسانەش هاوكاتن لەگەڵ جموجۆڵێكی فرەوان بۆ رێكخستنی ریفراندۆم لە ماوەی داهاتوودا.

ئەمڕۆ سێشەم ڕێكخراوی "سامپڵ" بۆ ڕاپرسی و پەرەپێدانی گەنج لە بواری سیاسەتدا ئەنجامی راپرسییەكی بڵاو كردەوە كە تایبەتە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی دابوو، بەپێی ئەنجامی راپرسییەكەش زۆربەی بەشداربووان دەنگ بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دەدەن. 

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل