بریكارەكانی خۆراك لە سۆران ماوەی نۆ مانگە پارەی نەوتییان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، كە بڕیار بوو دوای كۆكردنەوەی پارەكە دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان بكرێت، بەڵام تا ئێستە هەزاران هاووڵاتی لە چاوەڕوانی نەوتەكەن، بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتیی نەوتی هەولێریش دڵنیای دەداتە هاووڵاتییان كە پارەكانیان نەفەوتاوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە وەرزی زستاندا نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكات، بەڵام ئەمساڵ جیا لە ساڵەكانی تر وەرزی زستان و بەهاریش خەریكە كۆتای دێت، بەڵام هێشتە نەوتییان بەسەر دابەش نەكراوە و بەرپرسانیش هۆكارەكەی بۆ هاتنی داعش و تەنگەژەی دارایی دەگەڕێننەوە.
جەمیل ئەحمەد هاووڵاتییەكی دانیشتووی شارۆكەی سۆرانە بە "وشە"ی راگەیاند، لە مانگی 10ی پارساڵ، بڕی 53 هەزار دینارمان بە بریكارەكانی خۆراك داوە بەمەبەستی وەرگرتنی یەك بەرمیل نەوت، بەڵام تا ئێستە نەوتەكەمان وەرنەگرت.
ئەو هاووڵاتییە دەڵێ، لە كەشوهەوای ساردی زستان بەبێ نەوت ئیدارەمان كرد، تازە بەو گەرمایە نەوت هیچ سوودێكی بۆ ئێمە نییە و نەوتمان ناوێ.
لای خۆیەوە موحسین باڵەكی پشكێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی ناوچە شاخاوییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، لە مانگی 10 ی 2016 دەستمان بە دابەشكردنی نەوت لە سنووری هەرچوار شارۆكەی سۆران و چۆمان و مێرگەسۆر و رواندز كردووە، سەرەتا نەوتمان گەیاندە ناوچە شاخاوییەكانی ئەو شارۆكانە و ئێستە شارۆكەكانی چۆمان و مێرگەسۆر و رواندز كۆتای پێ هاتووە و ئەوەی ماوە بەشێكی شارۆكەی سۆران و شارەدێی خەلیفانن كە دەتوانین بڵێین 15 % ی هاووڵاتییان نەوتیان وەرنەگرتووە.
باڵەكی دووپاتی كردەوە، بەهۆی دروستبوونی شەڕی داعش و تەنگژەی دارایی و نەناردنی نەوت لەلایەن بەغدا و كەركووكەوە و نەبوونی بەرهەمی خۆمان، لە مانگی سێی ئەمساڵ دابەشكردنی نەوت راگیرا، ئەمەش وای كرد ئەمساڵ وەك ساڵانی رابردوو لە كات و ساتی خۆی نەوت بەسەر هاووڵاتییان دابەش نەكرێت.
زیاتر گوتی، ئێستەش لە ماوەی مانگێكدا نزیكەی چوار تانكەری نەوتمان پێ دەگات و ئەوەش وا دەكات كە پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە نەوتییان وەرنەگرتووە، بە سستی بەڕێوە بچێت.
ئاشكرای كر، لە شارۆكەی سۆران 34 هەزار كەس مافی وەرگرتنی نەوتییان هەیە، لەو ژمارەیە 26 هەزار كەسیان نەوتیان وەرگرتووە و تەنیا هەشت هەزار كەس ماوە كە پارەی نەوتییان لێ وەرگیراوە، بەڵام نەوتیان پێ نەدراوە.
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی ناوچە شاخاوییەكان رای گەیاند، پارەكەمان لا پارێزراوە و ئەگەر ئەو هاووڵاتییانە چاوەڕوان دەكەن نەوتیان پێ بدرێت ئەوا لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو ئەگەر مانگی تەموزیش بێت نەوت بەسەر هەموو ئەو كەسانە دابەش دەكەین كە نەوتیان وەرنەگرتووە، ئەگەر نەوتیشیان ناوێ با سەردانمان بكەن و پارەكەیان پێ دەدەینەوە و بەرپرسیارەتی پارەكە هەڵدەگرین.
سۆران/ موڕشید برادۆستی