بۆ مانگی ڕەمەزان لە سلێمانی ئەو ڕێوشوێنانە دەگیرێنە بەر

:: PM:07:57:23/05/2017 ‌
 
بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە لیژنەی تەناهی لە پارێزگای سلێمانی ڕێوشوێنەكانی تایبەت بەو مانگە دیاری دەكات و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت كە پابەندی بڕیارەكان دەبن.
 
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزاندا لیژنەی تەناهی پارێزگای سلێمانی پلانی تایبەت بەو مانگە دادەنێت و لە ماوەی یەك مانگی ڕەمەزان بەپێی ئەو پلانە كارەكان بەڕێوە دەچن.
 
لەو مانگەدا بەپێی بڕیارەكانی قایمقامیەتی سلێمانی و وەك سەرۆكی لیژنەی تەناهی پارێزگاكە، بە درێژایی مانگەكە تا یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، سەرجەم دووكانەكانی فرۆشتنی مەی داخراون دەبن.

لای خۆیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك پۆلیسی سلێمانی پابەندی بڕیارەكان دەبن و ڕێوشوێنەكان بۆ ئەو مانگە دەگرنە بەر تا یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان و دواتر بۆ ڕۆژانی جەژن پلانی تایبەت دادەنرێت.
 
زیاتر گوتی، ئەوان بەردەوام ئاسایش و تەناهی شارەكە پارێزراو دەكەن لە ڕێگەی مەفرەزەكانیانەوە و هاووڵاتییان لە گێرەشێوێنی و تێكدانی ئەمنیەتی شار دەپارێزن، هەروەها لەو مانگەدا چێشتخانە و ڕێستۆرانتەكان كراوە دەبن بە ویستی خۆیان، بەو مەرجەی بەردەم دووكانەكە بە پەڕۆیەك یان پەردەیەك داپۆشێت لەبەر ڕێزی ڕۆژوەوانان، هەروەها لە ڕێگەی لیژنەكانی قایمقامی سلێمانی بەردەوام چاودێری بازاڕ و شوێنەكان دەكرێت تا پابەندی بڕیارەكان بن، بە تایبەتی لیژنەی ڕێگری لە گرانبوونی بازاڕ.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل