كرم و كولە هەڕەشە لە دەڤەری برادۆست دەكەن

:: PM:08:58:23/05/2017 ‌

ماوەی چەند رۆژێكە جۆرە كولە و كرمێك لە دەڤەری برادۆست لە سنووری كارگێڕی شارەدێی سیدەكان/سۆران،  پەیدابوون و جووتیاران داوای فریاكەوتن لەلایەنی پێوەندیدار دەكەن.

عادل حاجی جووتیارێكی دانیشتووی گوندی شیوان بە "وشە"ی گوت، جۆرە كوللەیەك لە نێو زەوییەكانمان پەیدا بووە و مەزندەی زیاتر لە هەزاران كوولە لە هەر پارچە زەوییەك دەكرێت، ئەگەر بێتوو دەرمانێكی لەناوبردنیان بەكار نەهێندرێت، ئەگەر هەیە بەرهەمی ئەمساڵمان لێ بفەوتێنێ لە كاتێكدا دەڤەری برادۆست لە رووی كشتووكاڵییەوە شوێنێكی گرنگە و لە سەر ئاستی پارێزگەی هەولێر و داوای لە هۆبەی كشتووكاڵیی سیدەكان كرد كە فریایان بكەوێ.

ئەو هاووڵاتییە روونی كردەوە، كولەكە رەنگی سوور و زەردە و درێژییەكەی نزیكەی 4 سم  ساڵانی رابردووش بەهۆی جۆرە كوللەیەك گشت بەرهەمەكانمان لەناوچوون.

بارزان كەریم جووتیارێكی تری گوندی كەژەك بە "وشە"ی راگەیاند، گوندەكانی (كەژەك، بێزەفەران، هەوێڵان) لە سنووری سیدەكان بەهۆی لێدانی كرمێكی مەترسیدار مەترسی لەناوچوونی دارەكانیان دەكرێ، جگە لە داری گێوژ و قەزووان و مازی و بەڕوو و سۆرەدار و تاوكە كە سروشتین بەر هێرشەكە كەوتوون، هاوكات دارەكانی سێو و خۆخ و قەیسی حەلووكە و توو و هەنجیر و باوی و چەندین داری تر مەترسی هێرشی ئەم كرمەیان لەسەرە.

زیاتر گوتی، درێژی ئەم كرمە 2 بۆ 5 سانتیمەتر و پانیەكەی 3 بۆ 5 ملیم دەبێت و شێوەكەی پێدار و موودارە و ژمارەیان لەسەر هەر لقێكی دار زیاتر لە هەزار كرم تێپەڕ دەكات و لە ماوەیەكی كورتدا هەرچی گەڵاو لقە بچووكەكانی دار هەیە دەیخوات تەنیا قەدی دارەكە دەمێنێتەوە، بۆیە لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشی ئەم كرمە بۆسەر دارەكان هەرچی بەرهەمی دارەكانە لەناو دەچێت و دارەكان وشك دبن بەهۆی نەمانی گەڵاكانیان و تێكچوونی كرداری ڕۆشنەپێكهاتن وەرگرتنی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن و دانەوەی ئۆكسجین.

ئەو جووتیارە روونی كردەوە، زیانێكی زۆر بەر ئاژەڵداران دەكەوێ بەهۆی نەمانی گەڵای دارەكانی چروو كە لە پایزاندا بۆ ئاژەڵ دەیبڕن و لە زستان وەك ئالیك بەكاری دێنن، بۆیە داوا لەلایەنی پێوەندیدار دەكەین هەوڵێك بدەن و فریای داروبار بكەون.

زەید  لە تیف  یاردەری پزیشك لە بنكەی ڤێتێرنەری سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو توانایەمان نییە بەسەر ئەو هەموو كرم و كولە زاڵ بین، لە زۆربەی شوێنەكان و زەوییەكانی سنووری سیدەكان كولە دەبیندرێ كە بێگومان زیانی زۆری بۆ بەرهەمی كشتووكاڵی هەیە، هاوكات ئەم كولانە گەرا دادەنین و بۆ ساڵی داهاتوو گەراكان دەترووكێن و دەبنەوە كوللە، بۆیە لە ناوچوونییان زەحمەتە.

ئاشكرای كرد، داوامان لە سەرووی خۆمانەوە كردووە كە چارەیەك لەو كولانە بكەین، ئەوانیش پێییان راگەیاندووین كە پێویستە حكوومەت فڕۆكە دابین بكات و  دەرمان بڕشێنێت، ئەگەرنا ناتوانین كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەین. 

لای خۆیەوە مستەفا عەزیز بەرپرسی هۆبەی كشتووكاڵی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، بەمەبەستی لە ناوبردنی ئەو جۆرە كولە كە لە دەڤەرەكەمان پەیدا بووە و رزگاركردنی بەرهەمی كشتووكاڵی جووتیاران، لە رۆژانی رابردوودا 150 لیتر قڕكەری "دی سی سی" مان بێ بەرامبەر بەسەر ژمارەیەك جووتیارانی گوندەكانی داسنی، شیوان، بێقەپووشك، بەربزین دابەش كردوە، كە بێگومان سوودی دەبێت بۆ لە ناوبردنی كولە و پاراستنی بەرهەمی كشتووكاڵییان.

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی 











وشە - مه‌حموود ئیسماعیل