جەنگی رەققە.. كێ دەیكات و كێ دەیباتەوە

:: PM:10:50:23/05/2017 ‌

هەموو دیدی چاودێرانی د‌وخی سووریا ئاراستەن بەرەو شاری رەققە مۆڵگەی سەرەكیی داعش، ئەو شارەی كە چەندان بەرژەوەندی كۆ دەكاتەوە و چەندانیش جیا دەكاتەوە.

تا ئەو ساتەش نەخشەی سەر زەوی ئەوە پێشان دەدات كە گرنگترین هێز لە جەنگی ئازادكردنەوەی رەققە هێزەكانی سووریای دیموكراتە كە لە دەورووبەری شارەكەدا خۆیان مەڵاس داوە و ئامادەسازی هەڵكوتانە سەر شارەكە و دەرهێنانی لە چنگی داعش دەكەن، لەو كاتەی توركیا سەرلەنوێ دووبارەی دەكاتەوە كە رێگە نادات كە هیزێكی كوردی كۆنتڕۆڵی رەققە بكات كە شارێكی عەرەبییە.

ئێستە لە دەروازەی شارەكەدا هێزەكانی سووریای دیموكرات كە شەڕوانانی كورد زۆرینەی پێك دێنن و لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی ئەمەریكا پاڵپشتی زەوینی و ئاسمانی دەكرێن، وەستاون و چاوەڕوانی قۆناغی تەواوكردنی سەپاندنی كۆتێك بەسەر شارەكە دەكەن، بەر لە دەست پێ كردنی جەنگی كۆنترۆڵكردنەوەی و رزگاركردنی لە داعش.

ئێستە ئەو هێزانە لە دووری تەنیا پێنج كیلۆمەترن لە باشووری رۆژهەڵاتی شارەكە، هەرچی لە باكوریشە 10-20 كیلۆمەتر لێیەوە دوورن و لە رۆژئاواش تا ئێستە داعش توانای وەستاندنی ئەوانی ماوە لە شارەدێی هنێدە لە دووری 30 كیلۆمەتر لە رەقەوە، لەوكاتەی  باشووری شارەكە بەرەو دێرزوور و دەشتی سووریا كراوەیە. 

لە مەودای بینین دیارە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات تاكە هێز دەبن كە جەنگی رەققە و داعش دەكەن، سەڕای هەوڵی زۆر لایەنی ناوەخۆیی و دەرەكی بۆ بینینی رۆڵ لە جەنگەكە و شكاندنی باڵادەستیی كورد تیایدا.

لای خۆیەوە توركیا هەوڵی رازیكردنی ئەمەریكای دا بۆ وازهێنان لە كورد و پشتبەستن بە هێزەكانی قەلغانی فورات كە لە عەرەبی سووریا پێك هاتووە، بەڵام جوگرافیای بوونی ئەو هێزە كە هێزەكانی حكوومەتی سووریا و كورد لەهەر بەیەكگەیشتنێك لەگەڵ داعش هەوڵەكانی توركیای پەك خستووە، لەو كاتەی كە واشنتن سوورە لەسەر بەردەوامی لە پاڵپشتیكردنی كورد و چەكداركردنیان بۆ جەنگی رەققە لەگەڵ دانی مسۆگەری بە توركیا.

پێ دەچێت كە بگرە و بەردەی جەنگی چاوەڕوانكراوی رەققە و دوای ئازادكردنی لە ئێستەوە دەستی پێ كردبێت، لەو بارەشەوە چەند سەرچاوەیەكی ناوەخۆیی ئاشكرایان كرد كە ئەنجوومەنێكی میللی لە عەرەب و كورد لەلایەن سوپای سووریای دیموكرات بۆ كاربەڕێكردنی كاروباری رەققە دوای ئازادكردنەوەی كاری لەسەر دەكرێت ، كە رەنگە ئەوەش كاردانەوەی زیاتر لەوەی تا ئێستە هەیە بەدوای خۆیدا بێنێت لەبارەی ناسنامەی بەشدارانی جەنگی رەققە، بەتایبەتی كە رەققە شارێكی عەرەبییە و تەنیا بەشێك كوردی تیادا دەژی ئەویش لە دەشتەكانی.

لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە كە ئاخۆ هەمان سیناریۆی جەنگی مووسڵ لە رەققە دووبارە دەبێتەوە لە رووی درێژی جەنگەكە و ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكانی، چونكە تا ئێستەش داعش توانای دواخستنی پێشڕەوی هێرشبەرانی هەیە، ئەگەرچی رووبەڕێكی زۆری زەوی لەدەست داوە وەك شاری تەبەقە، هەروەها كەمی ژمارەی چەكدارانی كە بەر لە چەند رۆژێك داوای خۆبەخشینی لە ریزەكانی كرد و لە هەموو لایەكیشەوە رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و كەوتووەتە هەڵوێستێكی بەرگرییەوە. 

سەرچاوە: جەزیرە




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل