عەلاوی: ئێران كۆسپی گەورەی بەردەم عێراقییەكانە

:: AM:09:43:24/05/2017 ‌

ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە دیدارێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، ئێران كۆسپی هەرە گەورەی بەردەم ئاشتەوایی عێراقییەكانەوە و لە عێراق كێشەی قورس نین، بەڵكو ئێران دروستكەری كێشە ئاڵۆزەكانە.

عەلاوی لە دیدارەكە دەڵێ، لەگەڵ باڵوێزی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوو كۆ بوومەوە و بە ڕاشكاوی پێم گوت، ئێمە نامانەوێ بەهیچ شێوەیەك ببین بە هەڕەشە بۆ سەر ئێران، بەڵام لە هەمان كاتیش دەمانەوێ ئێران دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەرنەدات و یارمەتیدەر بێ بەوەی عێراق خۆی خۆی دروست بكاتەوە، كێشە لە عێراق بوونیان نییە، زۆرێك لە كێشەكان ئێران هۆكارە، ئێران تا ئێستەش كۆسپێكە لە بەردەم عێراقییەكان و هۆكاری ئەنجام نەدانی ئاشتەوایی نیشتمانییە.

لەبارەی ڕفێنراوەكانیش عەلاوی دەڵێ، ئەو كێشەیە زۆر بەربڵاوە و باسمان كردووە، ئێستە سیاسەتی تایفی بووەتە ئیمتیاز بۆ هێزەكان، بەڵام سیاسەتی تایفی هیچ كات سەركەوتوو نابێ، بەڵكو پێویستە هەمووان كار بكەین لەسەر بنیادنانەوەی دەوڵەت و دامەزراوەكانی دەوڵەت، چاكسازی تێدا بكەن، پێویستە هەموو شتێك لەلایەن یاسا و دادگا یەكلا بكرێتەوە.




وشە - باز ئه‌حمه‌د