لێڤەرپوول بەتەواوی لە كاسیاس نزیك بووەتەوە

:: AM:10:01:24/05/2017 ‌

رۆژنامەكانی ئیسپانیا بڵاویان كردەوە كە ئیكەر كاسیاسی گۆڵپارێزی یانەی پۆرتۆ بەتەواوی لە چوونی بۆ خولی نایابی ئینگلیزی و یانەی لێڤەرپوول نزیك بووەتەوە.

رۆژنامەی (ئاس)ی مەدریدی بڵاوی كردەوە: كاسیاس كۆتای ئەم وەرزە گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پۆرتۆ تەواو دەبێت، تا ئێستاش چەندان گەورە یانەی ئەوروپا ئامادەیی گرێبەستكردنیان لەگەڵ پێشانداوە.

كاسیاس ئارەزوو دەكات بۆ وەرزی داهاتوو لە ریزی یانەیەك یاری بكات لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بێت، بۆیە یانەی لێڤەرپوول چانسی گرێبەستكردنی لەگەڵدا زۆرە.

كاسیاس دەیەوێ كۆتایی بە ژیانی لە پورتوگال بێنێ دوای ئەوەی ماوەی دوو ساڵ لە ریزی یانەی پۆرتۆ یاریی كرد، جگە لەوەش یانەكە نایەوێ بەو مووچە زۆرەوە گرێبەستەكەی ئەو گۆڵپارێزەی نوێ بكاتەوە.

لە ماوەی رابردووشدا چەند یانەیەكی قەتەڕی و ئینگلیزی و چینی داوایان پێشكەش بە كاسیاس كردبوو، بەڵام یانەی لێڤەرپوول هەلی لەخۆگرتنی ئەو گۆڵپارێزەی زۆرە دوای ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو گەیشتە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

كاسیاسی گۆڵپارێز و كاپتنی پێشووی یانەی ریال مەدرید یەكەم یاریزانە زۆرترین یاریی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كردبێت كە 175 یارییە كە 157 یاریی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م