بەغدا پارەی جوتیارانی سلێمانی کەم ناردووە

:: PM:07:02:26/10/2016 ‌



دوای دوو ساڵ لە چاوەڕوانی جوتیاران بۆ وەرگرتنی ڕەنج و ماندوبونی پارەی گەنمەكانیان، بەغداد بڕێك پارەی بۆ ساڵی 2014 و 2015 ڕەوانەی سلێمانی كردووە، بەڵام بڕی پارەكە كەم و كێشەی لە دابەشكردنی پارەكە دروست كردووە.

ساڵی ڕابردوو لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 300 هەزار تۆن لە گەنمی جوتیاران وەرگیراوە، ئەوەش لە كاتێكدایە ساڵی 2014 بڕی 222 هەزار تۆن و ساڵی 2015 بڕی 264 هەزار تۆن گەنمی جوتیارانی پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە، دواجار بەغداد بڕیاریداوە پارەی گەنم بە ڕێژەی لە %50 دابەش بكات، هه‌رچه‌نده‌ پێشتریش بڕیاریدا كه‌ له‌ %30 به‌رهه‌می جوتیاران وه‌رناگیرێت.

ئەمین محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ چوار شەمم، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەغداد بڕە پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ ساڵی 2014 و 2015 ڕەوانەی سلێمانی كردووە بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر ئەو جوتیارانەی كە پارەی گەنمەكانیان وەرنەگرتووە.

گوتیشی: "بڕە پارەكە گەشتووەتە دەستیان و دابەش دەكرێت بەسەر ئەو جوتیارانەی كە پارەكەیان وەرنەگرتووە بۆ ئەو دوو ساڵە، پێدانی پارەكەش بە شێوەی نیو دەبێت، واتە ئەگەر جوتیارێك بە بڕی 50 ملیۆن گەنمی بە سایلۆ دابێت، 25 ملیۆن دینار وەردەگرێت".

بەڕێوەبەری گشتی سایلۆی سلێمانی گوتیشی: "ئەو پارەی كە بە دەستمان گەشتووە 92 ملیار دینارەوە و بڕی 5 ملیار دیناری كەمە، ئەوەش كێشەی بۆ دابەشكردن دروست كردووە، چونكە ژمارەیەك جوتیار بێ پارە دەمێنەوە".

زیاتر دەڵێ: "بە نوسراوی فەرمی بەغدادمان ئاگاداركردووەتەوە لە بڕە پارەیە كە كەمی هەیە، ئێستاش دەست بە دابەشكردنی پارەكە دەكەین و تا كاتی تەواو بوون ئەو بڕە پارەیەشمان بە دەست بگات، ئەویش دابەش دەكەین".

دەربارەی پارەی گەنمی ساڵی 2016 ئاماژەی دا، پارەی ئەو ساڵەیان بۆ نەهاتووە، لە حاڵەتی ڕەوانەكردنی ئەو پارەیە، ئەویش بە هەمان شێوەی ساڵی 2014 و 2015 بە شێوەی نیوە دابەش دەكرێت.

سلێمانی. هۆشیار عەلی



وشە - ڕێبین محه‌مه‌د