دیداری بازرگانیی نێوان بازرگانانی كوردستان و پاكستان بەڕێوە دەچێت

:: AM:10:37:24/05/2017 ‌

سەعات ١١:٣٠ خولەكی ئەمڕۆ چوارشەم لە بارەگای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كورستان لقی هەولێر، شاندێكی كۆمپانیاكانی وڵاتی پاكستان كە ١٠  كۆمپانیا پێك هاتوون، دیدارێكی بازرگانی لەگەڵ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان ساز دەكەن.

كاروان سوورچی گوتەبێژی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" روونی كردەوە، چەند رۆژێكە شاندێكی بازرگانی پاكستانی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و ئامانجیان ئەوەیە لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكانیان پتەوتر بكەن، ئەم سەردانەشیان بە یەكەم سەردانی شاندی بازرگانیی پاكستانی بۆ هەرێمی كوردستان هەژمار دەكرێت.

ئەو گوتی، وەك یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان، بەرنامەی كۆبوونەوە و دیداریان لەگەڵ سەرجەم ژوورە بازرگانییەكانی كوردستان داناوە و دوێنێش لە سلێمانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی كۆبوونەوەیان كردووە.

ئەو دەڵێت پێشتر بازرگانانی هەرێمی كوردستان پێوەندییان لەگەڵ پاكستان هەبووە و برنج و خۆراك و هەندێك بەرهەمی پاكستانییان هاوردە كردووە و لەو دیدارەشدا هەوڵ دەدەن زیاتر لە پێداویستییەكانی یەكتر تێبگەن.

ئەو دەڵێت لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا بازرگانانی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەن ئەو بەرهەمانەش بە پاكستان بناسێنن كە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێن و پێویستیان بە بازاڕ هەیە. ئەو بازرگان و كۆمپانیا پاكستانییانەی روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، تایبەت نین بە یەك سێكتەر بەڵكو لە سێكتەری جیاوازن.




وشە - سلێمان تاشان