حزبە ئیخوانییەكەی رۆژهەڵات لە كۆی 250 شوورا یەك كورسیی بردەوە

:: AM:10:39:24/05/2017 ‌

سەرباری ئەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات بە تێكڕای دەنگ بایكۆتی هەردوو هەڵبژاردنەكانی خولی 12ی سەرۆك كۆماری و خولی پێنجەمی شوورای شار و گوندەكانیان كرد، بەڵام لە ناوخۆی رۆژهەڵاتدا هەندێك بەرە و بزووتنەوە هەبوون هانی خەڵكیان دا بەشداری هەڵبژاردن بكەن. ئەندامێكی سەركردایەتیی حزبە ئیخوانییەكەی رۆژهەڵات دەڵێت، زۆربەی كاندیدەكان لەلایەن شوورای چاودێرییەوە رەت كراونەتەوە.

جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح، رێكخراوێكی ئیخوانین خۆیان وەك حزبێكی سەرانسەری ئێران هەژمار دەكەن، بەڵام زۆربەی چالاكی و بنكەكانی لەناو رۆژهەڵاتی كوردستانن. جەلال بەهرامی نیا ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاحی ئیسلامی، بۆ "وشە" ئەوە دەخاتە روو، وەك جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح، بە پێی بڕوا بنەمایی و بەها ئەخلاقییەكانمان دژ بە توندوتیژی لە گەمەی سیاسیداین و بۆچوونی ستراتیژیمان خەباتی مەدەنی و یاسایی و بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانە.

ئەو حزبە ئیخوانییە لە هەڵبژاردنی شووراكان كۆمەڵێك كاندیدیان هەبوو تەنیا سێ كەسیان توانی دەنگ بهێنێتەوە.وەك بەهرامی نیا ئاماژەی پی دەدات، "بۆ شووراكان بەربژێرمان هەبوو، بەڵام زۆرینەیان لە پاڵاوتنەكانی دەزگەی چاودێری هەڵبژاردن وەلا نران و لە پارێزگای كرماشان دوو كەس مۆڵەتیان پێ درا یەكیان دەنگی هێنا، لە هەریەك لە پارێزگاكانی خوراسانی ڕەزەوی و فارس یەك كەسمان دەنگی هێناوە".

لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵات بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردبوو و رەنگە ئەوە وەك دەرفەتێك لێكدرایەوە بۆ جەماعەت، بەڵام لە كۆی زیاتر لە 250 كورسیی شوورای شارەكان، تەنیا یەك كورسییان لە كرماشان بەدەست هێناوە و ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی جەماعەتیش پێی وایە، لە خولی دووەم بەرەو ئەملاوە، شوورا بەداخەوە لە شوێنی یاسایی و گێجەنەی تایبەتی خۆی ترازا و پێگەی لەناو خەڵكدا دابەزی و چینی بژاردە و خۆپارێز خۆیان نەدەدا لە قەرەی، بۆیە ئەندامانی ئێمەش شەوقی خۆكاندیدكردنیان نەبوو یا لە پاڵاوتن دەترسان یا باوەڕیان وابوو كارێكی ئەوتۆیان بۆ ناكرێت. 

جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریدا لەسەر هەڵوێستی پێشوویان سوور بوون و پشتیوانییان لە ریفۆڕمخوازەكان و بەدیاریكراوی حەسەن رۆحانی كرد، بەڵام لە هەڵبژاردنی شووراكاندا لەگەڵ رەوتی ریفۆرم بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنیان نەكرد.
"كورد و سوننەی ئێران وەك تەواوی كەمینەكانی دنیا، بە گشتی پشتیوانی چاكسازی و گۆڕانكاری سیاسی و لایەنگری ڕیفۆڕمخوازانن، جەماعەتی ئێمەش هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێفۆڕمخوازییەوە لە 20 ساڵ لەمەوپێش هاودەنگ و پشتیوانی ئەم ڕەوتەن، لەبەرئەوەی ریفۆڕمخوازان هەڵگری گوتاری دیموكراتی و فرەدەنگین و باوەڕیان لەگەڵ فەلسەفەی سیاسیی نوێ و تێڕوانینی ئامانجیان لە فیقهی ئسلامیدا گونجاوترە و پشتیوانی لە مافی كەمینەكان دەكەن"، جەلیل بەهرامی نیا وای گوت.

لەبارەی دوور گرتنیان لە باڵی كۆنەپارێزی ناو كۆماری ئیسلامی، نیا روونی دەكاتەوە، باڵی كۆنەپارێز هەم لە تێڕوانینی مەزەوی و هەم لە بیری سیاسییەوە، زۆر تەسكبینن و لەگەڵ چەمكە نوێكان وەك دیموكراسی و ئازادی و گەشەی هاوسەنگ بێگانەن و دەسەڵات وەك هەلێك بۆ داسەپاندنی بیری خۆیان دەزانن، نەك وەك ئەمانەتێكی گشتی بۆ خزمەتكاری گشتیی دانیشتووانی وڵات، ئەڵبەت بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و پەرەسەندنی ڕاگەیاندن و شكانی قۆرخی ڕاگەیاندنی سەربە دەسەڵات، كارێكیان كردووە چیتر ئەو جۆرە بۆچوونانە كڕیار و ڕەواجیان نەماوە و بە زەبری پارە و دەسەڵات نەبێ كەس وەری ناگرێت.

هەرچەند كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەڕووی ئاینییەوە زۆرینە مسوڵمانن، بەڵام وەك لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەدا دەردەكەوێت، خواستی سەرەكیی ئەوان ئاین نییە و تەنانەت ئەوانەی بەشداریی هەڵبژاردنەكانیشیان كردووە، هەوڵی ئەوەیان نەداوە پشتیوانی حزبێكی ئیسلامی بكەن كە پرۆگرامێكی مەدەنی و ناتوندوتیژیان هەیە و وەك پێشتریش د. عەبدوڕەحمان پیرانی ئەمینداری گشتیی جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاحی ئێران، لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ "وشە"، مافی چارەی خۆنووسینی بۆ كوردستانی رۆژهەڵات بە ئەركی جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاح وەسف كرد.

هەولێر/هیدایەت جان



وشە - تایبه‌ت