پەیامەكەی یەكێتی سووكایەتیی بوو بۆ گۆڕان

:: AM:10:47:24/05/2017 ‌

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، لە دوو كاتدا داوا لە گۆڕان دەكەن لەگەڵ یەكێتی ببنەوە بە یەك حزب، وەك پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسیی ئاشكرای دەكەن، ئەو گوتانەی یەكێتی بۆ بچووككردنەوە و كورتكردنەوەی گۆڕانە لە نەوشیروان مستەفادا.

ڕۆژی 19ی ئەم مانگە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە شاری سلێمانی و لە ماڵەكەی خۆیدا گیانی لە دەست دا، دوا كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكان پەرۆشی خۆیان ڕاگەیاند. یەكێتی بەیانێكی دەركرد و تیایدا باسی لەوە كرد پێیان خۆشە "لەگەڵ گۆڕان یەك بگرنەوە"، هاوكات ڕۆژی دوایی لەسەر گڵكۆی نەوشیروان مستەفا یەكێتی هەمان داوای دووبارە كردەوە. پسپۆڕانی سیاسی دەڵێن ئەوە بەزەیی هاتنەوە بە گۆڕاندا و هاوكات بچووكردنەوەی ئەو بزووتنەوەیە بووە لە نەوشیروان مستەفادا.

كاردۆ بارام مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی، ئاماژەی بەوە دا، لە ڕووی ئەتەكێتی سیاسییەوە نەدەبوو یەكێتی لەو پرسەدا كە گۆڕان كەسی یەكەمی لە دەست داوە ئەو بابەتە بورووژێنێت.

بارام بۆ "وشە"، گوتی، "ئەو داوایەی یەكێتی بچووكردنەوەی گۆڕان بوو، لە لایەك گوتی گۆڕان دوای نەوشیروان مستەفا تەواو بوو، لەلایەكی تر یانی یەكێتی دڵی گەورەیە و گۆڕانەكان وەردەگرێتەوە ناوخۆی."

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونی كردەوە، یەكێتی لەو پەیامەیدا بە گوێی گۆڕانەكاندا چرپاندوویەتی كە ئێوە دوای نەوشیروان ناتوانن لە بەرامبەر یەكێتی بوەستن و بەشێكیشی بۆ ڕاكێشانی سۆزی جەماوەری گۆڕان بووە بۆ خۆیان.

بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا جێگری یەكەمی ئەوكاتی سكتێری گشتی یەكێتی و چەند هاوڕێیەكی دامەزرا و لە دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەكدا بەشداریی كردووە و ئێستە خاوەنی 24 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە و دووەم حزبە، دوای پارتی. 
شۆڕش حەسەن مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، سەرەڕای ئەوەی یەكێتی و گۆڕان ناتوانن ببنەوە بە یەك حزب. ئەوەیشی ئاشكرای كرد كە "یەكێتی دوای نەوشیروان مستەفا وەك كادری گەڕاوە لەگەڵ گۆڕان ڕێك دەكەوێت نەك حزبی سیاسی".

"یەكێتی كاتێك لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا دەڵی با یەك بگرینەوە، ئەوا مەبەستیەتی بە گوێی گۆڕاندا بدات كە دوای سەركردەكەتان وەك گەڕاوەیەك بۆ ناو یەكێتی وەرتان دەگرینەوە" شۆڕش حەسەن وای گوت.

یەكێتی و گۆڕان لە 19ی ئایاری ساڵی 2016دا ڕێككەوتنێكی سیاسییان واژوو كرد و تیایدا بڕیاری كاری پێكەوەیی و هاوبەشیان دا، بەڵام دوای تێپەڕینی ساڵێك هیچ كام لە خاڵەكانی ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ‌ نەكراون و هەردوولاش یەكتر بە جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكە تۆمەتبار دەكەن. 

ساماڵ محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند كە ئەوان وەكو ئیستفزازكردن سەیری ئەو پەیامەی یەكێتی ناكەن، بەڵام بەو سیاسەتەی ئێستەی یەكێتییەوە، گۆڕان یەكگرتنەوە ڕەت دەكاتەوە.

ساماڵ گوتی، "ئێمە پێمان خۆشبوو لە جیاتی ئەو پەیامە، یەكێتی بەڵێنی كرداریی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەی نێوانمانی بدایە".

هەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە پێی وایە زەوینە لەبارە بۆ یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و دەڵێت، ئەو پەیامەی یەكێتی بۆ گۆڕان بۆ بچووككردنەوەی ئەو حزبە نییە.

لەتیف نێروەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، ڕەتی كردەوە كە یەكێتی بە بچووك سەیری گۆڕان بكات و ئاشكرای كرد، "گۆڕان هێزێكی خاوەن جەماوەر و بەهێزە و كەس ناتوانێت پەراوێزی بخات".

"یەكێتی هەمیشە ویستوویەتی لەگەڵ گۆڕان یەك بگرێتەوە و ببنەوە بە حزبەكەی جاران" نێروەیی وای گوت.


سلێمانی/شاد كەیوان


وشە - تایبه‌ت