پەیەدە دوو بەرپرسی تری ئەنەكەسەی شوێنبزر كرد

:: AM:11:06:24/05/2017 ‌

لە بەردەوامی هەڵمەتی گرتن و ڕفاندنی بەرپرس و كەسایەتی و ئەندامانی حزبە كوردییەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، چەكدارانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەندامێكی لیژنەی مەركەزیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا و ئەندامێكی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنەكەسەیان ڕفاند.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، دوێنێ سێشەم چەكدارانی پەیەدە نافیع عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی مەركەزیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا "پەدەكەسە" یان ڕفاندووە و ئەمەش دووەم جارە لە ماوەی ئەمساڵدا ئەو بەرپرسەی پەدەكەسە لەلایەن پەیەدەوە دەڕفێنرێت.

لەلایەكی ترەوە هەر دوێنێ سێشەم چەكدارانی پەیەدە هێرشیان كردووەتە سەر ئەندامێكی پێوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" و شوێنبزریان كردووە.

ئەو بەرپرسەی ئەنەكەسە كەناوی "سلێمان ئۆسۆ"یە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی یەكێتی كوردی سووریایە و دوای گرتنی لەلایەن پەیەدەوە، تا ئێستە چارەنووسی دیار نییە.

پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" كە بە باڵی سووریای پەكەكە دەناسرێت، لە ساڵی 2003دا دامەزراوە، دوای ئاڵۆزییەكانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هاوكاری رژێمی ئەسەد دەستی بەسەر ناوچە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستاندا گرت و بەهەموو شێوەیەك ئازادی كاری سیاسی لەو حزبانە قەدەغە كردووە كە وەك ئەوان بیر ناكەنەوە، هاوكات ژمارەیەكی زۆری سەركردە و ئەندامانی ئەنەكەسە و حزبەكانی ناو ئەنەكەسەی خستووەتە گرتووخانە، سەڕەرای ئەمانە، لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤەوە چەندان جار پەیەدە و یەپەگە تۆمەتبار كراون بە ڕفاندنی منداڵانی خوار 18 ساڵ و بە زۆرەملێ بە سەربازكردنیان و ئەمەش بە تاوانی جەنگ لێك دراوەتەوە.

لە سەرەتای مانگی ئادار/مارسی ئەمساڵەوە، چەكدارانی پەیەدە لە ناوچە جیاجیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەستیان بە هەڵمەتێكی فرەوانی ڕەشبگیری ئەندام و بەرپرس و لایەنگرانی حزبەكانی نێو ئەنەكەسە كردووە، شەش بارەگا سووتێنران و داخران، نزیكەی 200 كەسیش لەلایەن پەیەدەوە گیران و ڕفێنراون.



وشە - باز ئه‌حمه‌د