پیكێ وەڵامی سووكایەتییەكانی یاریزانانی ریال مەدریدی دایەوە

:: PM:12:49:24/05/2017 ‌

گیرارد پیكێ بەرگریكاری یانەی بەرشەلۆنە وەڵامی ئەو سووكایەتییانەی دایەوە كە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لە كاتی ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیا ئاراستەیان كردبوو.

یەكشەمی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە دوا یاریی خولی ئیسپانیا بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی مەلەگەی بردەوە و بەمەش  بەكۆكردنەوەی 93 خاڵ بەفەرمی بووە پاڵەوانی خولەكە.

دوای یارییەكە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید گەڕانەوە شاری مەدرید و لە گۆڕەپانی سیپیلیس لەگەڵ زۆرێك لە هاندەران ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوەكەیان گێڕا.

دانی كارڤاخالی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید لە كاتی ئاهەنگگێڕانەكەدا چەند وشەیەكی نەشیاوی ئاراستەی پیكێی كردبوو و دواتریش بەشێكی زۆری یاریزانەكانی هاوڕێی هەمان رستەیان گوتەوە.

كارڤاخال بە بڵندگۆ هاواری كردبوو "پیكێ، ئەی پشیلەی پیس، ئێستا كاتی ئەوەیە سڵاو لە پاڵەوانەكان بكەی" دواتریش هاندەران بەدەنگێكی بڵند هەمان رستەیان دەگووتەوە.

لەمبارەیەوە پیكێ لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی نووسیبووی: بەم سووكایەتیانەی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دڵتەنگ نەبووم، ئەوان مافی خۆیانە ئاهەنگی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا بگێڕن و دڵخۆشی خۆیان دەرببڕن.

پیكێ هەروەها بڵاوی كردەوە: لەگەڵ كارڤاخال قسەم كردووە و هەموو شتێك ئاساییە و پێویست بە داوای لێبوردنیش ناكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م