ڕۆژانە هێلكە بخۆن

:: PM:01:48:24/05/2017 ‌

شارەزایان و پسپۆڕانی بواری خۆراك و كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هۆشداریمان پێ دەدەن، كە پێویستە ڕۆژانە هێلكەیەك بەلایەنی كەمەوە بخۆین، ئەوا زانیارییانەش ڕەت دەكەنەوە كە چەوری نێو هێلكە زیانبەخش بێ و كۆلیستڕۆڵی زیانبەخش لە جەستە زۆر بكات.

كەناڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی كردووەتەوە، هێلكە زۆر بەسوودە بۆ تەندروستی مرۆڤ، ڕێژەیەكی زۆری پرۆتین و ترشە ئەمینییەكانی تێدایە و ڤیتامین D,A,B12,B2ی بەڕێژەیەكی زۆرباش تێدایە، هاوكات پێكهاتەی كۆلین و ریبوفلافین و سیلینیۆمی دژە ئۆكسید و لوتین و زیاكسانسین لە پێكهاتەكەیدا هەیە كە تەندروستی مرۆڤ بەگشتی دەپارێزن و بەتایبەتش چاو لە كێشە و نەخۆشییەكان دوور دەخەنەوە.

لەبارەی ئەو زانیارییانەی پێشتر لەسەر هێلكە و هۆكاری زیادبوونی بۆ كۆلیستڕۆلی زیانبەخش بڵاو كراوەتەوە، شارەزایان دەڵێن ڕاستە هێلكەیەك دوو گرام چەوری تێدایە، بەڵام زۆربەی چەوری خۆراكییە و ڕێژەی چەوری تێربووەكان كە بەرپرسە لە زیادبوونی ئاستی كۆڵیستڕۆل لە خوێن زۆر كەمە.

بەگوێرەی توێژینەوەكان دەركەوتووە، خواردنی هێلكەیەك بەشێوەی ڕۆژانە بەهیچ شێوەیەك نابێتە هۆی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شاخوێنبەر و جەڵتەی دڵ و دەماغ. توێژینەوەكان هێما بۆ ئەوەش دەكەن ئەگەر لەگەڵ سەوزە و ئەو خۆراكانە هێلكە بخۆن كە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵ، سوودی زۆر زیاتر و گرنگتر دەبێ بۆ تەندروستی مرۆڤ.

سەرچاوە/سی ئێن ئێن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د