فوئاد مەعسووم چوار كەسی نزیكی خۆی بە بەڕێوەبەری گشتی دامەزراند

:: PM:02:28:24/05/2017 ‌
سەرۆك كۆماری عێراق فوئاد مەعسووم پێچەوانەی یاسا و ڕێنوێنییەكان، چوار كەسی خزم و نزیكی خۆی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانی كۆماری ژمارە 13 و 14 و 15 و 16 دامەزراند، ئەمەش لە كاتێكدایە بەگوێرەی یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق، دامەزراندن لە تەواوی فەرمانگەكانی دەوڵەت ڕاگیراوە.

لە نووسراوی فەرمانی كۆماری كە واژووی فوئاد مەعسوومی سەرۆك كۆماری عێراقی لەسەرە و بۆ ڕێككەوتی 19 نیسان/ئەپرێلی ڕابردوو ڕەزامەندی لەسەر دراوە و تێیدا هاتووە، پشتبەستن بە حوكمەكانی بەندی حەوتەمی مادەی 73ی دەستوور و مادەی هەشتی یاسای خزمەتی مەدەنی ژمارە 24ی ساڵی 1960، بڕیامان دا بە دامەزراندنی "هەرشۆ تاهیر عەزیز بۆ بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كارگێڕی لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، نزا مستەفا ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كۆشكەكانی سەرۆكایەتی و میوانخانەكان لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، ئاوات نەجمەدین ئیسماعیل بە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گواستنەوە لە دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمار، ماكۆك حەمەد برایم مەحموود بە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پێوەندییەكان و ڕۆژنامەوانی لە دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق.

هەریەك لەو كەسە نزیكانەی فوئاد مەعسووم بە فەرمانی كۆماری ژمارە "13 و 14 و 15 و 16" دامەزرێنراون و دیوانی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق پابەند كراوە بە جێبەجێكردنی و بڕیارەكەش لە ڕۆژی دەرچوونی فەرمانی كۆماری و بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی، جێبەجێ كراوە.

دامەزراندنی چوار بەڕێوەبەری گشتیی لە دیوانی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لەلایەن فوئاد مەعسوومی سەركۆماری عێراقەوە لە كاتێكدایە لە یاسای بودجەی 2017ی عێراق بڕیار دراوە كە دامەزراندن بەگشتی و دامەزراندنی پلە باڵاكان بە تایبەتی لەمساڵدا دەوەستێنرێن، فوئاد مەعسووم بەو كارەی جگەلەوەی بەردەوامە لە دانانی خزم و كەسە نزیكەكانی لە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، پێشێلی یاسای بودجەی 2017ی عێراقیشی كردووە.











وشە - باز ئه‌حمه‌د