دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ نەخۆشی و مەرگ، ئەمڕۆ ھابی حوسێن بێزەلیی پێشمەرگە كۆچی دوایی كرد و گەیشتە كاروانی شەھیدان، كۆچی دوای ئەو پێشمەرگەیە لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ هەفتەنامەی "وشە" بە مەبەستی بەھاناوەچوون و رزگاركردنی لە مردن راپۆرتێكی لەسەر بڵاو كردبووەوە، بەڵام مەرگ رێگری لە ژیانی مەرگی ئەو پێشمەرگەیە كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئایار/مایۆ، بێوار حوسێن برازای ھابی حوسێن بێزەلی بە "وشە"ی راگەیاند، بەداخەوە بەیانی ئەمڕۆ مامم دوای ململانێیەكی سەخت لەگەڵ مەرگ، كۆچی دوایی كرد و گەیشتە كاروانی شەھیدان، لێرەوە سوپاسی ھەر كەسێك دەكەین كە ھاوكارمان بوون، جێگەی شانازییە كە ھابی برای دوو شەھیدی شەڕی داعشە و شەش برای تریش لە سەنگەردان دژی داعش.
پێشتر بێوار رێكانی برازای ئەو پێشمەرگەیە، بە"وشە"ی راگەیاندبوو، ھابی و ھاوڕێ پێشمەرگەكانی دوو ساڵ پێش ئێستە چەند رۆژێك لە لایەن داعشەوە گەمارۆ دران، بەڵام توانییان گەمارۆكە بشكێنن و خۆیان رزگار بكەن، لەو شوێنەی ماونەتەوە، خواردنی نەشیاو و ئاوی پیسی خواردووەتەوە و بەوەش تووشی نەخۆشی بووە و ئێستە بووەتە شەھیدێكی زیندوو.
كەسوكاری ھابی سەردانی نەخۆشخانەكانی كوردستانیان كردووە و لەسەر ئەركی خۆشیان بۆ نەخۆشخانەكانی ئێرانیان گواستووەتەوە، بەڵام پزیشكان پێیان راگەیاندوون كە ئەو خواردن و خواردنەوە پیس و نەشیاوە كاریگەری كوشندەی لەسەر تەواوی جەستەی بەتایبەت گەدە و ریخۆڵەكانی داناوە.
ھابی لە ئێران دووجار نەشتەرگەری بۆ كراوە، بەڵام سوودی نەبووە، وەك ئەوەی برازاكەی ئاماژەی بۆ دەكات.
پێشتر لیوا ھاشم سیتەیی فەرماندەی باڵای ھێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال بۆ "وشە" ئاماژەی دا، "ھابی یەكێك لە پێشمەرگە قارەمان و گیانفیداكانی كوردستان بووە، ئەو لە زۆربەی میحوەرەكاندا دژی داعش جەنگاوە و خۆیان ئاگەداری ھەموو جموجۆڵەكانی ئەو پێشمەرگەیە بوون.
ھابی بێزەڵی دوو برای لە ماوەی شەڕی داعشدا شەھید بوون، كازم حوسێن بێزەڵی كە ساڵی رابردوو لە لایەن تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ سەربڕا و وێنەكانی بڵاو كرایەوە، یەكێك لە براكانی بوو، ئێستە شەش برای تری لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە دژ بە داعش دەجەنگن، ئەوان بنەماڵەیەكی پێشمەرگەن.
بەپێی قسەكانی لیوا ھاشم سیتەیی، حكوومەت دووجار قەرزداری ئەو پێشمەرگەیە بووە، جارێك بەھۆی ئەوەی لە پێشمەرگایەتیدا وای بەسەر ھاتووە و جارێك لەبەرئەوەی خاوەن دوو برای شەھید و شەش برای پێشمەرگەیە.
پێش دوو ساڵ ھابی حوسێن بێزەڵی پێشمەرگەی زێرەڤانی، لەگەڵ ژمارەیەك لە ھاوسەنگەرەكانی دەكەونە بۆسەیەكی داعشەوە، ئەوان ناتوانن راستەوخۆ دەرباز ببن و ماوەی چەند رۆژێك گیر دەخۆن و دەمێننەوە، ھاوڕێكانی باسی ئەوە دەكەن كە ھابی تەواو برسی و تینوو بووە و بەو ھۆیەوە خواردنی نەشیاو و ئاوی پیسی خواردووەتەوە، لە كۆتادا ئەوان خۆیان رزگار دەكەن و بۆ سەنگەرەكانیان دەگەڕێنەوە، بەڵام ئیتر ھابی تووشی نەخۆشییەكی كوشندە دەبێت و تا ئێستەش لەسەرجێ كەوتووە.
ئەو پێشمەرگەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە پێشمەرگەی زێرەڤانی لە سوپای دوو، ساڵی ٢٠٠٩ بۆ لیوای تایبەتی پولیسی ھەولێر دەگوازرێتەوە، كاتێك داعش پەلاماری ناوچەكانی كوردستان دەدات، ئەو بۆ ریزەكانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە و لە سەنگەرەكانی پێشەوە دژ بە داعش دەجەنگێت ، ئەمرو نەیتوانی بەرگەی نەخۆشییەكەی بكات و كۆچی دوای كرد.
لە ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی "وشە"دا راپۆرتێک لەسەر شێوازی تووشبوونی هابی بێزەلی بڵاو کراوەتەوە دەتوانن لە رێگەی
ئەم لینکە بیخوێننەوە
ئامێدی/نەوزاد ھلۆری