عێراق و سعوودیە لەسەر دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت رێك كەوتن

:: PM:02:41:24/05/2017 ‌

هەریەك لە وەزیرانی نەوتی عێراق و سعوودیە لەسەر ئەوە رێك كەوتن كە دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی نۆ مانگی تر درێژ بكەنەوە. ئەو رێككەوتنە نرخی نەوتی هەندێك بەرز كردەوە و ئەگەر سبەی لە كۆبوونەوەی ئۆپێكیش درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە رابگەیەنرێت، ئەوا كاریگەری بۆ سەر بەرزكردنەوەی نرخی نەوت دەبێت.

خالید فالح وەزیری نەوتی سعوودیە دوای ئەوەی لە بەغدا چاوی بە وەزیری نەوتی عێراق كەوت ئاشكرای كرد، لەگەڵ عێراق دژی درێژكردنەوەی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ نۆ مانگی تر نین.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەو هەواڵە لە كاتێكدا بڵاو دەبێتەوە كە سبەی پێنجشەم بڕیارە وڵاتانی ئۆپێك لەبارەی هەمان ئامانج لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا كۆ ببنەوە.



ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك رێككەوتنەكە درێژ بكەنەوە، ئەوا تا ئاداری ٢٠١٨ بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێك لە ئاستی ئێستەیدا دەمێنێتەوە. هەڵبەت هەریەك لە نایجریا و لیبیا رێگەیان پێ دراوە بەرهەمهێنانیان كەم نەكەنەوە، بەڵام لە ئاستی رابردوویاندا رای بگرن.

ئێران ئێستە سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت و لە بەرنامەشیدایە ٨% لە بەرهەمهێنانی نەوتەكەی بەرز بكاتەوە. جاری پێشوو ئێرانیش لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت هەڵاوێردرابوو، بەڵام بڕێكی دیاریكراویان بۆ دەستنیشان كردبوو و پێیان گوتبوو نابێت لەو بڕە زیاتر بەرهەم بێنێت.

هەڵبەت عێراقیش لە پلانەكانیدا ئەوەی دەستنیشان كردبوو كە ٦٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانەكەی بەرز بكاتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو رێككەوتنە نوێیە، دەبێت واز لەو ئامانجەی بهێنێت.

بەگشتی وڵاتانی ئۆپێك سەرووی ٩٠%ی بەڵێنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتیان جێبەجێ كردووە، بەڵام وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك ٦٤%ی بەڵێنەكەیان جێبەجێ كردووە.

سعوودیە تاكە وڵاتی ئەندامی ئۆپێكە كە ١٠٠%ی بەڵێنەكەی جێبەجێ كردووە. هەڵبەت ئێرانیش نەیهێشتووە بەرهەمهێنانەكەی لە سێ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل تێبپەرێت كە بۆی دیاری كرابوو.

كۆمپانیای گۆلدمەن دێكس نووسیویەتی ئەگەر رێككەوتنەكە بۆ ماوی نۆ مانگ درێژ بكرێتەوە، ئەوا هاوسەنگی بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە و نرخی نەوتیش لەمساڵدا دەگاتە ٥٧ دۆلار.

دار ساترە بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای "ستێت ئۆیل"یش پێشتر ئاشكرای كردبوو ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك لەسەر درێژكردنەوەی ریككەوتنی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت رێك بكەون، ئەوا هاوسەنگیی بۆ بازاڕی نەوت دەگەڕێتەوە.

ماوەیەكە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ چوارشەم گەیشتە ٥٤ دۆلار و ٥٠ سنەت كە بەرزترین نرخی نەوتە لە ٣٥ رۆژی رابردوودا. یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەمڕۆدا، پێوەندی بە رێككەوتنەكەی عێراق و سعوودیە هەیە و سعوودیە هەفتەی رابردوو لەگەڵ رووسیاش بۆ هەمان مەبەست رێك كەوتبوو.



پسپۆڕان پێشبینی دەكەن لەگەڵ بە فەرمی درێژكردنەوەی رێككەوتنەكە، نرخی نەوت بەرەو سەرووی ٥٥ دۆلار بەرز ببێتەوە. 
 
لە دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك بۆ دابەزاندنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی نەوت هەڵكشابوو و بۆ یەكەم جار لە سەرەتای ئەم مانگە رووی لە داكشان كرد.
 
لە كۆتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٦، وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دا نزیكەی ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەم بكەنەوە و لە ١٠ی مانگی كانوونی یەكەمیش وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بە سەرۆكایەتیی رووسیا، بڕیاری كەمكردنەوەی نزیكەی ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیان دا.
 
نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بەستراوەتەوە بە زۆری یان كەمیی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوسەنگی خستنەڕوو و داواكاری و كاتێك لە خستنەڕووی نەوت هیچ كۆنترۆڵ و سنوورێك نەبێت، ئەوا بازاڕی نەوتیش جێگیر نابێت و نرخەكان روو لە دابەزین دەكەن.

بەگوێرەی dailyfx تێكڕای نرخی نەوت لە سەرەتای مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە تا حەوتی ئاداری ئەمساڵ ٥٥ دۆلار و ٥٠ سەنت بووە. دوای رێككەوتنی وڵاتانی ئۆپێك لە ٣٠ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو نرخی نەوت بەرز بووەوە، ئەگەر نا پێشتر لە خوارووی ٤٥ دۆلار دەفرۆشرا و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەش بۆ نزیكەی ٢٧ دۆلار دابەزیبوو.
 
لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤دا نرخی نەوت لە سەرووی ١١٠ دۆلار دەفرۆشرا. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ داعش سەری هەڵدا و تا كۆتای ساڵەكەش نەوت رووی لە دابەزین كرد، ئەو دابەزینە بەردەوام بوو تا كۆتای ساڵی ٢٠١٥، لە یەكەم مانگی ساڵی ٢٠١٦دا گەیشتە نزمترین ئاست و هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە ٢٧ دۆلار دەفرۆشرا.




وشە - سلێمان تاشان