وەزارەتی ئەوقاف: خواردن و خواردنەوە لە دامودەزگا فەرمییەکان قەدەغەیە

:: PM:02:55:24/05/2017 ‌

بەهۆی هاتنی مانگی ڕەمەزان، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێنوێنییەك بۆ هاووڵاتییان لە دامودەزگە حكوومییەكانی حكوومەت بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، لەو مانگەدا خواردن و خواردنەوە لە دەزگە فەرمییەكان قەدەغەیە.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئایار/ مایۆ، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێویستە هەموو چێشتخانە و گازینۆ و دووكان و بازاڕەكان رەچاوی ئەم مانگە پیرۆزە بكەن و هەستی رۆژووەوانان بریندار نەكەن، هەروەها خواردن و خواردنەوە لە دەزگە فەرمییەكان پێشكەش ناكرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، كەناڵەكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان پێویستە تایبەتمەندییەكان و پیرۆزی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن.

لەبارەی وتارەكانی شەوانەی رەمەزان نەبەز گوتی، وەعزەكانی پاش بانگی عەسر لە 25 خولەك زیاتر نەبێت بۆ رێوڕەسمی نوێژ و وەعزەكان و تەراویح تەنیا میكرۆفۆنی ناو مزگەوتەكان بەكار بهێنرێت.

لەبارەی رێنوێنییەكان گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاشكرای كرد، لە شەوانی رەمەزان دوای نوێژی عیشا و تەراویح، مزگەوتەكان دادەخرێن و تا پارشێوان ناكرێنەوە، ئەمە جگەلەوەی لە شەوانی "لیلە قدر" كە بەردەوام دەرگەی مزگەوتەكان دەكرێتەوە.







وشە - رامیار جەواد