یانه‌ی بایرن میونشن، بۆ یه‌كه‌م جار فیلیكس گۆتزه، برای ئه‌ستێره‌ی ناسراوی ئه‌ڵمانی "ماریۆ گۆتزه"ی كرد به پیشه‌گه‌ر و گرێبه‌ستێكی تا ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ واژوو كرد.
فیلێكس، ته‌مه‌نی ته‌نیا 19 ساڵه، ماوه‌ی چه‌ند ساڵه له تیپی دووه‌م و تیپی خوار 17ی بایرن یاری كردووه و توانیویه‌تی ئاستێكی باش نیشان بدات و چاوه‌ڕوانیی زۆری لێ بكرێ، هه‌ر بۆیه كارلۆ ئه‌نشیلۆتی ڕاهێنه‌ری یانه‌كه ساڵی پار له چه‌ند یارییه‌ك ناوی خسته لیستی به‌شداریكردنه‌وه، ئه‌گه‌رچی ته‌نیا وه‌ك یه‌ده‌گ بوو.
بۆ ساڵی داهاتوو، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه 18 ساڵی تێپه‌ڕاند، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ یانه‌یه‌ك له‌پڕ نه‌یبات بۆ خۆی، گرێبه‌ستێكی دوو ساڵه‌ی تا 2019 له‌گه‌ڵ واژوو كرد، چونكه به‌پێی یاسای فیفا، پێش ئه‌و ته‌مه‌نه نه‌ده‌بوو وه‌ك پیشه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ.
گۆتزه‌ی بچووك له كاتی واژووكردنی بۆنده‌كه گوتی: خۆشحاڵم هه‌لی ئه‌وه‌م پێ ده‌درێ وه‌ك یاریزانێكی پیشه‌گه‌ر له بایرن یاری بكه‌م، من هه‌موو هه‌وڵێكی خۆم ده‌ده‌م تا بتوانم پشكم له سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م یانه‌یه هه‌بێ.