قاسم سلێمانی لە دوای سلێمانی بۆ بەغدا دەچێت، بۆچی؟

:: PM:07:37:26/10/2016 ‌

لە 10یەم رۆژی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە سلێمانییەوە دەگاتە بەغدای پایەتەخت بۆ رێكخستنی زیاتری هێزەكان لە جەنگەكە، بەتایبەتی بەشداری حەشدی شەعبی، كە ئەوەش تا رادەیەك حكوومەتی بەغدا دەخاتە دۆخێكی شڵۆقەوە بەوەی سەربە ئێرانە.

ئەمڕۆ لە چوارچێوەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە داعش كە لە 17ی ئەم مانگە دەستی پێ كرد، بێجگە لە بۆردمان بە تۆپ و مووشەكبارانكردنی داعش لە قۆڵەكانی باكور و باشووری مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگە، تەنیا بۆردمانی ئاسمانی هاوپەیمانان بۆ سەنگەر و ئامانجەكانی داعش هەبوو. 

لەبارەی سستبوونەوەی كردە سەربازییەكان ئەمڕۆ چوارشەم سەرچاوەیەك لە سەركردایەتی كردەوەگەلی نەینەوا رای گەیاند كە هۆكارەكەی بۆ خۆقایمكردن و پاككردنەوەی شوێنەكانی كۆنترۆل كراون لە بۆمب و تەقەمەنییەكان و سەنگەرلێدانە.

پلانی سەربازی گرتنەوەی مووسڵ بەیەكگەیشتنەوەی هەموو هێزە بەشدارەكانە لە جەنگی مووسڵ لە هەر حەوت قۆڵ لە یەك دووری لە سەنتەری مووسڵ، ئەویش دووری دوو كیلۆمەترە كە تا ئێستە بەشێك لەو هێزانە بەوە نەگەیشتوون بەتایبەتی لە باشوور و باشووری رۆژئاوا.  

لەو ناوەدا سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە حەشدی شەعبی رای گەیاند كە قاسم سلێمانی دوو رۆژە گەیشتووەتە بەغدا و زنجیرە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرانی شیعەی بەشدار لە جەنگی مووسڵ ساز كردووە كە لە قۆڵی باشووری مووسڵ (قۆڵی گەیارە) جێگیرن.

سەركردەیەكی دیاری حەشدی شەعبی لای خۆیەوە ئاماژەی كرد كە سلێمانی بەهاوەڵی ژمارەیەك یاریدەر و پاسداری ئێرانی هاتووەتە بەغدا بەمەبەستی هەماهەنگیكردن لە جەنگی مووسڵ كە ناكرێت جەنگێكی وا گرنگ بەسەریدا تێپەڕ بێت.

گەورە ئەفسەرێكی سوپای عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە سلێمانی لە سلێمانییەوە بەهاوەڵی چەند فەرماندەیەكی سوپای پاسداران گەیشتووەتە بەغدا و دووپاتی كردەوە كە ئەو هاتووەتە سەر خەتی جەنگی مووسڵ و لەگەڵ سەرانی حەشدی شەعبیش كۆ بووەتەوە.

زیاتر گوتی، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق زانیاری بەو سەردانەی سلێمانی بۆ بەغدا هەیە، بەڵام چاوی پێ نەكەوتووە و ناشزانرێت عەبادی بە بەشداریكردنی سلێمانی لە جەنگی مووسڵ رازییە یان نا.

ئەو ئەفسەرە لە سلێمانی دەگوازێتەوە كە بۆ ئێران ناگەڕێتەوە بەر لە دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی جەنگی مووسڵ و ئاماژەی كرد كە ئەو گەورە بەرپرسە ئێرانییە لە سعاتەكانی دواییدا لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەكانی عێراق كۆ بووەتەوە.

گەیشتنی سلێمانی بۆ عێراق هاوكاتە لەگەڵ گەلەكۆمەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ جموجۆڵكردنی سەربازی لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ و بەشداریكردنیان بەتایبەتی لە جەنگ لە ناوچەكانی شۆڕە و گەیارە، لەناو دەنگۆی بەشداریكردنی سلێمانی و سەرپەرشتیكردنی حەشدی شەعبی لە جەنگی مووسڵ و بەپێی سەرچاوەی تر لە جەنگی ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆئاوای مووسڵ.

لەو ناوەدا سەركردایەتی كردەوەگەلی هاوبەش لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی دەست پێكردنی ئەركی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ راگەیاند بەتایبەتی لە قۆڵی باشووری مووسڵ، بەبێ دیاریكردنی جۆری ئەركەكان بەروونی، ئەگەرچی ئەو هێزە لەیەكەم ساتەكانی جەنگەكە بەكردەنی لەپاڵ سوپای عێراق بەشدارە.

ئەمڕۆ مەولوود چاوەشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە لەگەڵ دەست پێ كردنی هێرش بۆ ئازادكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەر كە زۆرینەیەكی شیعەی توركمان تیایدا دەژی، وڵاتەكەی دەست بە وەرگرتنی رێوشوێنەكانی دەكات.

وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی كردەوە كە توركیا رێوشوێنەكانی خۆی لە چوارچێوەی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ وەردەگرێت، ئەگەر هێرش بۆسەر شارۆكەی تەلەعفەر دەستی پێ كرد و ئەوان توانایان هەیە و پابەندیشن بە پاراستنی توركمانی تەلەعفەر لەهەر كارێكی تۆڵەسەندنەوە.

هێزەكانی حەشدی شەعبی بەم دواییە رایان گەیاند كە ئەوان پاڵپشتی لە پێشوەچوونەكانی سوپای عێراق دەكەن، بەتایبەتی لە پێشڕەوییەكان بەرەو شارۆكەی تەلەعفەر /55 كیلۆمەتر رۆژئاوای مووسڵ/.

دوێنێ وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشەی كرد كە وڵاتەكەی دوودڵی ناكات لە ئەنجامدانی كردەوەگەلی سەربازی لە ناو خاكی عێراق ئەگەر كەوتە بەر هەڕەشەی راستەوخۆی تیرۆر، وەك ئاماژەیەك بۆ كردەیەكی سەربازی زەوینی لەناو خاكی عێراق.

ناوی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لەگەڵ هەموو جەنگەكانی حەشدی شەعبی تیایدا بەشدارە لە دژی داعش لە عێراق، دێت، ئەو لە كۆنترۆلكردنەوەی تكریت و رومادی و فەلووجە بەشداری كرد، بێجگە لە جەنگەكان لە سووریا، بۆیە بوونی ئێستە لەو جەنگەی مووسڵ شتێكی ئاساییە. 

ئۆكتای یەڵماز شرۆڤەكاری توركیایی دەڵێت كە ئێران دەیەوێ كۆنترۆلی مووسڵ بكات لە رێگەی میلیشیاكانەوە بۆئەوەی رێڕەوێك لە رێگەی خاكی عێراقەوە بەرەو سووریا بكاتەوە و لەوێشەوە بۆ لێوارەكانی دەریای ناوەڕاست، ئەو كارەی كە هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەكانی توركیا بەتایبەتی پڕۆژەكانی هەناردن و بەبازاڕگەیاندنی وزە دروست دەكات.

ئاماژە دەكات كە سووربوونی ئێران لەسەر دوورخستنەوەی توركیا لە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ، بۆ خواستی ئێران بۆ تاكدەسەڵاتی بەسەر رێڕەوێكی سەلامەت دەگەڕێتەوە كە خەریكی بنیاتنانیەتی، ئەوەش مانای گۆڕانكاری دیمۆگرافی و دانیشتووان و پرۆسەی راگواستنی بەزۆرە كە لێكەوتی مرۆیی و ئابوورییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی توركیا. 

سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل