ئەمەریكا نیوەی نەوتی كۆگەكراوی دەفرۆشێت

:: PM:04:29:24/05/2017 ‌

لە كاتێكدا وڵاتانی ئۆپێك خۆیان ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی سبەی پێنجشەم بڕیار لەسەر درێژكردنەوەی رێككەوتنی دابەزاندنی بەرهەمهێنانی نەوت بدەن، ئەمەریكا ئاشكرای كرد نیوەی نەوتی كۆگەكراوی دەفرۆشێت.

بەگوێرەی بلوومبێرگ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پڕۆژەیەكی خستووەتە ڕوو بۆ دروستكردنی گۆڕانكاریی بەرفراوان لە رۆڵی ئەمەریكا لە وزەی دنیا و یەكێك لەو پێشنیارانەش بریتییە لە كەمكردنەوەی قەرزە نیشتمانییەكان لە رێی فرۆشتنی نیوەی كۆگە نەوتییەكانی.

هەروەها پێشنیاری كردووە بە ئامانجی بەرزكردنەوەی داهاتی حكوومی، حكوومەت روو لە لێدانی بیری نەوت بكات لە ئالاسكا كە پێشبینی دەكرێت دژایەتی كۆنگرێسی لێ بكەوێتەوە.

بڕی گشتیی كۆگەی ستراتیژیی نەوتی ئەمەریكا سەرووی ٦٨٧ ملیۆن بەرمیلە كە لە كۆمەڵێك كۆگەی ویلایەتەكانی تەكساس، لویزانا هەڵكەوتوون و لە كاتی هەر رووداوێكی نەخوازراو سوودیان لێ وەردەگیرێت.

لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ هەندێك پڕۆژە پەسند كران كە مەبەستی سەرەكی لێیان ئەوە بوو ١٩٠ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی كۆگەكان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ تا ٢٠٢٥ بەمەبەستی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی كەرتی تایبەت سوودیان لێ وەربگیرێت، ئەو بڕە لە فرۆشتنی نەوت بڕی نەوتی كۆگەكراو بە رێژەی ٢٧% دادەبەزێنێت. بڕیاری نوێ بۆ فرۆشتنی نیوەی ئەو كۆگایانەیە. بەگوێرەی یاسا نابێت بڕی نەوتی كۆگەكراو لە ٤٥٠ ملیۆن بەرمیل كەمتر بێت.

دوای ئەو هەواڵە وەزیری نەوتی هیندستان رای گەیاند ئەگەر ئۆپێك بڕیار بدات بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكاتەوە، ئەوا ناچارە بیر لەوە بكاتەوە لە ئەمەریكا نەوت بكڕێت و هەوڵ بدات سوود لە وزەی تر وەربگرێت.

هیندستان پێی وایە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و لەو كاتەشدا هیندستان ناچار نییە بە نرخێكی گران نەوت بكڕێت، بەڵكو هەوڵ دەدات روو لە كڕینی گاز و وزەی تر بكات.

هیندستان سەرووی ٨٦% لە پێداویستییەكانی بە وزەی نەوت لە وڵاتانی ئۆپێك دابین دەكات و رۆژانە پێویستی بە چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەیە بۆ ئەوەی رادەستی پاڵاوگەكانی بكات.




وشە - سلێمان تاشان