بڕیار لەسەر دووكانەكانی مەیفرۆشتن لە رەمەزاندا درا

:: PM:05:04:24/05/2017 ‌

قایمقامیەتی هەولێر بڕیاری داخستنی سەرجەم دووكانەكانی مەیفرۆشیی ناو هەولێر لە مانگی رەمەزاندا دەدات و رای دەگەیەنێت، تەنیا هۆتێلەكانی سەرووی چوار ئەستێرە بۆیان هەیە مەی بفرۆشن و بۆ ئەوانیش هەندێك مەرجیان داناوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئایار/مایۆ، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ "وشە" رای گەیاند، لە مانگی رەمەزاندا سەرجەم دووكانەكانی مەیفرۆستن لەناو هەولێر دادەخرێن و تەنیا ئەو هۆتێلانەی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرەن دەتوانن مەیخانەكانیان بكەنەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، ئەو هۆتێلانەیش كە رێگە پێدراون، مەرجیان بۆ دانراوە و بە هیچ شێوەیەك نابێ پێش بەربانگ مەیخانەكانیان بكەنەوە، لەبەر ئەوەی هەولێر پایتەختە و كۆمەڵێك میوانی بیانی كە لە ئاینی جیاوازن میوانی ئەو شارە دەبن، رێگەمان داوە شەوانە ئەو هۆتێلانە مەیخانەكانیان بكەنەوە.

عەنكاوە شارەدێیەكی مەسیحینشینە و بەپێی یاسا، ئاینی مەسیحییەت یەك لە ئاینە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستانە و وەك قایمقامی هەولێر ئاماژەی پێ دەدات، عەنكاوە مامەڵەیەكی تایبەتی لەو رووەوە لەگەڵ دەكرێت و لەبارەی داخستنی دووكانەكانی مەیفرۆشتن و مەیخانەكانی ئەو شارەدێیە، بەپێی بەهای ئاینی دانیشتووانی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت نەك وەك ناوشاری هەولێر.



وشە - هیدایه‌ت جان