لە چەند ڕۆژی داهاتوو وەرگرتنی گەنمی جووتیاران یەكلا دەبێتەوە

:: PM:06:39:24/05/2017 ‌

دوای پێگەیشتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، تا ئێستە دەرگەی سایلۆكان بۆ وەرگرتنی گەنمەكانیان نەكراوەتەوە و ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت كە چاوەڕوانی پلانی ئەمساڵی بەغداین و ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیژنەیەكیان بگاتە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئایار/ مایۆ، غەریب پێنجوێنی جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، گەنمێكی زۆر لە ئۆتۆمبێلەكان بار كراوە و تا ئێستە دەرگەی سایلۆكان نەكراوەتەوە، ئەمەش بەهۆی نەهاتنی پلانی بەغدا بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئێمە چاوەڕوانی لیژنەی بەغداین كە بێن بۆ هەرێمی كوردستان و پلانی بەغدا ئاشكرا بكەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ئاشكرای كرد كە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگەنە هەرێمی كوردستان.

پێنجوێنی زیاتر گوتی، لەگەڵ هاتنی ئەم لیژنەیە و پلانی وەرگرتن، ماوەی یەك ڕۆژ دەتوانرێت دەرگەی سایلۆكان بكرێتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دوو كۆبوونەوە لە نێوان وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵی هەرێم كراوە بۆ ئەم مەبەستە و ڕەنگە ئێستە ئەو پلانە گەیشتبێتە هەرێمی كوردستان.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندی بە ئیبراهیم عەبدولحەمید بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە سایلۆی هەولێر كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە و بە گوێرەی زانیارییەكان ڕەنگە ڕۆژی یەكشەم ئەم لیژنەیە بگاتە هەرێمی كوردستان.

پارساڵ لە ڕێكەوتی 15/5/2017 دەرگەی سایلۆكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی جووتیاران كرایەوە بۆ وەرگرتنی گەنمەكانیان، بەڵام بۆ ئەمساڵ تا ئێستە كاتی وەرگرتنی دیار نییە.



وشە - رامیار جەواد