ماوەی چوار مانگ دەبێت، بەپێی ڕێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕان لەسەر پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی، بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی قایمقامی سلێمانی ڕادەستی یەكێتی كردەوە، بەڵام تا ئێستا پۆستی قائیمقامی هەڵەبجە نەدراوە بە گۆڕان.
ئاوات شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو بابەتانە زۆر گرنگ نین و بە رژدی وەری ناگرن، لە ئێستەشدا بەهۆی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفا قسە لەسەر ئەوە ناكەن.
زیاتر گوتی، هەر بابەتێك پێوەندی بە رێككەوتننەكەی یەكێتی و گۆڕانەوە هەبێت لەسەر پۆستەكان، ئێستە قسەی لەسەر ناكەین.
لای خۆیەوە نزار مەحموود، باژێڕوانی مەكۆی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ڕێككەوتننەی كە كراوە، دەبوو گۆڕان لە سنووری هەڵەبجە سێ پۆستی بەڕێوەبەری گشتی وەربگرێت، بەڵام تا ئێستە ئەو سێ پۆستەی وەرنەگرتووە، چونكە ڕێككەوتنێكە بەو شێوەیە كراوە لە ناو لایەنەكان.
روونی كردەوە، ئالوگۆڕی پۆستی قایمقامی هەڵەبجە پێوەندی بە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمەوە هەیە و ئەو بووەتە ڕێگری، چونكە نایەوێت رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، پارێزگارەكەی گۆڕان دەستلەكاركێشانەوە و مۆڵەتی كردووە، بەڵام لە وەزارەت لێی وەرناگیرێت.
ئەندامانی جڤاتی گۆڕان ئاماژە بەوە دەكەن كە لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەزار پۆست هەیە، بەڵام تا ئێستە گۆڕان تەنیا 32 پۆستی وەرگرتووە لەو سنوورەدا، لە كاتێكدا كە گۆڕان زۆرترین دەنگی پارێزگاكەی لە سنوورەكە بەدەست هێنابوو.
شەمووی رابردوو لەكاتی رێوڕەسمی بە خاكسپاردنی نەوشیروان مستەفا، ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی لە وتاری مەراسیمەكەدا داوای یەكگرتنەوەی لە بزووتنەوەی گۆڕان كرد، بەڵام ئەندامانی بزووتنەوەی گۆڕان لە وەڵامدا داوایان كرد كە پێویستە سەرەتا رێككەوتنی نێوانیان جێبەجێ بكرێت، دواتر قسە لەسەر یەكگرتن بكرێت، نەوەك یەكگرتنەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی