ئەپلیكەیشنێكی تایبەت بە دهۆك دروست دەكرێت

:: PM:08:15:24/05/2017 ‌

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی كەرنەڤاڵی رۆژی پارێزگابوونی دهۆك و بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان ئەپلیكەیشنێك بەناوی "رابەری پارێزگای دهۆك"، كە تایبەتە بەو پارێزگایە لە رێورسمێكدا لە پاڕكی پانۆڕامای ئازادی نمایش دەكرێت.

عارف حوسێن لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی كەرنەڤاڵی رۆژی بە پارێزگابوونی دهۆك، بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان ئەپلیكەیشنێك نمایش دەكرێت كە تایبەتە بە پارێزگای دهۆك.

زیاتر گوتی، ئەپلیكەیشنەكە تایبەتە بە رێبەری پارێزگای دهۆك كە وەك GPS وایە و تێدا سەرجەم شار و شارۆكە و شارەدێ و گوند و كۆمەڵگەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لە رووی گەشتوگوزار و جوگرافیا و مێژوو و شارستانیەتی و شوێنە گرنگ و ناسراوەكانی پارێزگای دهۆك و چەندین شوێنی تری تێدایە.

حوسێن دووپاتی كردەوە كە ئەپلیكەیشنەكە یەكێكە لە دەستكەوتەكانی ئەمساڵی پارێزگای دهۆك و دەتوانین لە هەموو روویەكەوە خزمەتێكی باش بۆ پارێزگاكە و گەشتیاران و سەردانیكارانی بكات.

شایەنی باسە ئەپلیكەیشنەكە لەلایەن گەنجێكی پارێزگای دهۆك بەناوی "حیكمەت دوسكی" دروست كراوە و نێزیكەی ساڵێك كار لەسەر ئەو پەپلیكەیشنە كراوە و سبەی پێنجشەم لە رێورسمێكدا لە پاركی پانۆڕامای ئازادی بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆری مێوان و دەزگەكانی راگەیاندن نمایش دەكرێت.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل