پزیشكێك هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات كە بەگشتی وەرزشكردن راستەوخۆ لە دوای نانخواردن زیانی هەیە بەتایبەتی بۆ كەسانی بەتەمەنداچوو، چونكە مەترسی دروستبوونی كێشەی مەترسیدار بۆسەر تەندروستیان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئایار/ مایۆ، زانا عەبدوڵا پزیشكی پسپۆڕی هەناو، لەبارەی ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵەوەیە هۆشداری دەدات و دەڵێت كە نابێت لەدوای نانخواردندا وەرزش بكەن ، چونكە دەبێتە هۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر خوێنیان.
عەبدوڵا بۆ "وشە" دەڵێت، هەروەها كەسی بەتەمەن كاتێك نان دەخوات، نابێت راستەوخۆ دوای ئەوە پاڵ داتەوە، واتە بە گەدەی پڕ، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی كە بڕێكی زۆر لە خۆراكی گەدە بۆ قورگ بگەڕێتەوە و "ریفلاكس" دروست بێت.
ئەم پزیشكە زیاتر گوتی، وەرزشی دوای نانخواردن، بە تایبەتی ئەوانی نەخۆشی دڵیان هەیە، گرفتی ماسوولكەكان زیاتر دەكات و باشترە وایە دوای 2ـ3 سعات دوای نانخواردن وەرزش ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی لەو كەسانەی تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵەوەیە.
ئەم پزیشكە دەڵێت، ئەگەر وەرزش بكەی، نابێت وەرزشی قورس ئەنجام بدەیت وەك بەرزكردنەوەی قوڕسایی و راكردن بۆ ماوەیەكی درێژ.