سعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی كەمتر دەبێتەوە

:: PM:09:00:24/05/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی ئاشكرای دەكات، پێدانی كارەبای نیشتمانی گۆڕانكاری تێدا دەكرێت و لە سبەی پێنجشەمەوە خشتەی نوێ‌ جێبەجێ دەكرێت و لە ئەگەری نەبوونی كارەبای نیشتمانی لە چەند كاتێكدا كارەبای موەلیدە بە هاووڵاتییان دەدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی ئایار/ مایۆ، سالار حوسامەدین بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەرنامەی نوێی كارەبای نشیتمانی و موەلیدە ئەهلییەكان لە سبەینێ پێنجشەمەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەپێی بەرنامەكە لە سعات 11ی پێش نیوەڕۆ تا چواری بەرەبەیانی رۆژی دواتر هەر كاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە، پێویستە موەلیدەی ئەهلی كار بدەن.

بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی دەڵێت، لە سعات چواری بەرەبەیان تا 11ی بەیانی بە پێی خشتەیەك چەند سعاتێك كارەبای نشتیمانی دەبێت، واتە لەوانەیە چەند سعاتێك كارەبا نەبێت.

بەرێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی زیاتر گوتی، موەلیدە ئەهلییەكان ئاگەدار كراونەوە كە لەو كاتەی كە بۆیان دانراوە لە 11ی پێشنیوەڕۆوە تای چواری بەرەبەیان هەووڵاتییان بێ كارەبا نەكەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.

بەهۆی زۆری بەكارهێنانی كارەبا لە وەرزی هاویندا، ساڵانە پێدانی كارەبای نیشتمانی كەم دەبێتەوە و حكوومەت وەكو پێویست ناتوانێت كارەبا بە هاووڵاتییان بدات.



وشە - رامیار جەواد