ئازادكردنەوەی مووسڵ نزیك بووەتەوە

:: PM:10:00:24/05/2017 ‌

گوتەبێژی كردەوەگەلی هاوبەشی سوپای عێراق رای دەگەیەنێت كە راگەیاندنی ئازادكردنەوەی مووسڵ بەم نێزیكانە دەبێت و سەرچاوەیەكی تەناهیش باس لە ئامادەسازی تایبەت دەكات بۆ هەڵكوتانە سەر مووسڵی كۆن وەك دوا حەشارگەی سەختی داعش لە مووسڵ.

عەمید یەحیا رەسووڵ ئەمڕۆ چوارشەم دووپاتی كردەوە كە ئێستە هێزەكانی عێراق سەرقاڵی ئازادكردنەوەی ئەو گەڕەك و ناوچانەی مووسڵن كە بەدەستی داعشەوە ماونتەوە وەك شیفا و سیحە و زەنجیلی و مووسڵی كۆن و ناوچەكانی باب سنجار و فارووق و بابولتۆب و بابولجەدید و بابولبەیز كە لەلایەن هێزە هاوبەشەكانی عێراقەوە بەتەواوەتی گەمارۆ دراون.

گوتەبێژی كردەوەگەلی هاوبەشی عێراق دووپاتی كردەوە كە بەمنێزیكانە تەواوی بەری راستی مووسڵ ئازاد دەكرێتەوە، هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە ئامادەسازی شەڕوانی تایبەت گەیشتووەتە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ لە دەورووبەری مووسڵی كۆن بەر لە هەڵكوتانە سەری.

لە بەرامبەردا داعش خۆی لەو ناوچانەدا توند كردووە و خۆی لەناو خەڵكەكە حەشار داوە كە ناوچەیەكی قەرەباڵغە و كۆڵانەكانی تەسكن بەزەحمەت ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان دەتوانن بیان ببڕن.

لای خۆیەوە فەریق رائید شاكر جەودەت فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵ رای گەیاند كە هێزەكانیان دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی گرنگی رێكخراوی داعشدا گرتووە لە بەری راستی مووسڵ.

زیاتر گوتی، لە باشووری گەڕەكی 17ی تەمووز دەستیان بەسەر بارەگەی دادگای شەرعی ویلایەتی جونددا گرتووە و ژمارەیەك بەڵگەنامەی گرنگ و گرتووخانەیان بە بەتاڵی دۆزیوەتەوە. 

لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا 24ی كانوونی دووەمی ئەمساڵ توانرا نیوەی چەپی شارەكە لە داعش پاك بكرێتەوە، لە 19ی شوباتیش جەنگی ئازادكردنەوەی بەری راستی شارەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە جەنگەكە بە سەختی بەردەوامە. 

بەری راستی شاری مووسڵ لە رووی رووبەرەوە لە بەری چەپ بچووكترە و 40%ی رووبەری شارەكە پێك دێنێت، بەڵام لە رووی چڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە قەلەباڵغترە و بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان نزیكەی 800 هەزار كەس لەو بەرەی شارەكە نیشتەجێن، لەو كاتەی سەرچاوە عێراقییەكان باس لە 650 هەزار كەس دەكەن. 

سەرچاوە: شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل