وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا ستیڤن منوتشین لە ڕوونكردنەوەیدا لەبەرامبەر لێژنەی بودجەی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، لەگەڵ كارمەندانی وەزارەتەكەی بە چڕی كار دەكەن بۆ ئەوەی سزای زیاتر و قورس تر بەسەر ئێران و سووریا و كۆریای باكور بسەپێنن، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئەمەریكا.
منوتشین لە ڕوونكردنەوەكەی لە بەردەم لێژنەی بودجەی كۆنگرێسی ئەمەریكا گوتی، هەموو هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ سەپاندنی سزای زیاتر و قورستر بەسەر ئێران و سووریا و كۆریای باكور.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە 2014ەوە بەشێوەی پلەبەند سزاكانی بەسەر سووریا قورستر كردووە و پێشبینی دەكرێ سزا نوێكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئەو وڵاتانە لەسەردەمی حوكمی ترەمپ توندتر و كاریگەرتر بێت.
ئەو سزایانەی ئێستە بەسەر سووریا سەپێنراون، خۆی لە دامەزراوە حكوومی و بەرژەوەندییەكانی ئەسەد و ئەو سەرچاوانە دەبینێتەوە كە پشتیوانی دەكەن یان پارەداری دەكەن، ئەو سەرچاوانە كەسایەتی و كۆمپانیا بن یان هەر جۆرە پێوەندییەكیان بە ئەسەد هەبێ، دەخرێنە لیستی ڕەشی ئەمەریكاوە و مامەڵەكردنیان لەگەڵ هەڵدەپەسێردرێ و پارەكانیان بلۆك دەكرێت.
هاوكات لە ماوەی ڕابردوو ئەمەریكا سزای بەسەر ژمارەیەكی تری بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران سەپاند بەهۆی پشتیوانیان لە حكوومەتی ئەسەد و ڕۆڵ بینینیان لە بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەكان.