هۆكاری ئامادەبوونی ئیبراهیمۆڤیچ لە یاریی كۆتای خولی ئەوروپا ئاشكرا بوو

:: AM:09:54:25/05/2017 ‌

یانەی مانچستەر یونایتد شەوی رابردوو لە یاریی كۆتای خولی ئەوروپا لە شاری ستۆكهۆڵمی پایەتەختی سوێد، بە ئەنجامی 0-2 گۆڵ لە یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی بردەوە و بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا ناسناوەی بەدەستهێنا.

لەو یارییەدا زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبەری سوێدی لەنێو یاریگە ئامادەبوو و دوای یارییەكەش ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوەكەی لەگەڵ یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتد گێڕا.

ئەمە لە كاتێكدابوو كە ئەو یاریزانە ماوەیەك پێش ئێستا نەشتەرگەرییەكی گەورەی بۆ چۆكی ئەنجامدابوو و بەگوێرەی زانیارییە پزیشكییەكانیش ماوەی 9 مانگی پێویستە بۆ چاكبوونەوەی تەواوەتی.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی هۆكاری ئامادەبوونی ئیبراهیمۆڤیچی لە یارییەكەی شەوی رابردوو ئاشكرا كرد.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەدا كە ئیبراهیمۆڤیچی تەمەن 35 ساڵ بۆ پاڵپشتیكردنی یاریزانانی هاوڕێی نەهاتبووە نێو یاریگە، بەڵكو بۆ ماڵئاواییكردن لە یاریزانەكانی هاوڕێی لە یانەی مانچستەر یونایتد هاتبوو.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان پێشتر ئاشكرایان كردبوو كە زڵاتان گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد نوێ ناكاتەوە و بۆ وەرزی داهاتوو ریزی یانەكە جێدێڵێ، یارییەكەی شەوی رابردووش دوایین یارییەكانی یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتد بوو لەم وەرزەدا.

چاوەڕوان دەكرێ ئیبراهیمۆڤیچ بۆ وەرزی داهاتوو لە گرێبەست لەگەڵ یانەیەكی خولی تۆپی پێی چین یان ئەمەریكا ئیمزا بكات، ئەگەریش لە یانەی مانچستەر یونایتد بمێنێتەوە ئەوا بۆ ماوەی نیو وەرز هیچ یارییەك لەگەڵ ئەو یانەیەدا ئەنجام نادات.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م