گۆڕان: كەس عەلی باپیر بە جێگرەوەی نەوشیراون نازانێ

:: AM:10:24:25/05/2017 ‌

كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەو رێوڕەسمانەی بۆی كرا، چەند لێكەوتەیەكی سیاسیی هەبوو، بە تایبەت كە بەشێك لە گۆڕانخوازان هوتافیان دژی سەڵاحەدین بەهادین و چەند بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانی كێشا و هاوكات چەپڵەیان بۆ عەلی باپیر لێدا و كە ویستی دەرفەتەكە بۆ راكێشانی سۆزی جەماوەری گۆڕان بقۆزێتەوە.

لە رێوڕەسمی بە خاكسپاردنی نەوشیروان مستەفا لە ڕۆژی 20ی ئەم مانگەدا لە گردی زەرگەتە، لە كاتی قسەكردنی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەشێك لە جەماوەری گۆڕان هوتافیان دژی قسەكانی كێشا و هەمان ڕەفتاریشیان بەرامبەر قادر حەمەجان گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نواند. هەر لەو رێوڕەسمەدا بەشێك لە گۆڕانخوازان ستایشی عەلی باپیریان كرد، بەڵام بە گوتەی بەشێك لە بەرپرسان و هەڵسووڕاوانی گۆڕان، ئەو دەستخۆشییە تەنیا كاردانەوەیەك بووە و هیچ كەسێك لەناو گۆڕان عەلی باپیر بە جێگرەوەی نەوشیروان مستەفا نازانێت.
سەردار محەمەد هەڵسووڕاوی دیاری ناوشاری سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، تەواوی هوتافكێشانەكان لەوكاتەدا بوون و هیچیان بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبوون، بەڵكو ئەو گەنجانە خۆیان ئەوەیان كردووە.
لەبارەی ئەوەی ئایا گەنجان و هەوادارانی گۆڕان دەبن بە ئیسلامی و دوای عەلی باپیر دەكەون؟ هەڵسووڕاوەكەی گۆڕان دووپاتی دەكاتەوە "دەستخۆشییەك لە رێوڕەسمێكی وادا نابێتە شوێنكەوتن، خۆ پێش ئەو پرسەیش عەلی باپیر هەر هەبووە، بەڵام ئەو كەسانە دوای نەكەوتوون، بۆیە گەنجان و هەوادارانی گۆڕان لەسەر بەرنامەی گۆڕانن و پێویست ناكات هیچ كەسێك مەرگی نەوشیروان مستەفا بۆ ڕاكێشانی سۆزی جەماوەری گۆڕان بەكار بێنێت، چونكە شكست دێنێت".
نەوشیروان مستەفا، لەدایكبووی ساڵی 1944 و لە بیستەكانی تەمەنییەوە تێكەڵاوی كاری سیاسی بووە، ڕۆژی 19ی ئایاری 2017 لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و لە گردی زەرگەتەی سلێمانی بەخاك سپێردرا. 
بزووتنەوەی گۆڕان ڕای دەگەیەنێت، هیچ كەسێك ناتوانێت ببێتە نەوشیروان مستەفا و هیچ كەسێكیش با هەوڵ نەدات لەسەر پشتی ئەو جەماوەرەی پەروەردەی دەستی ئەون، ئەستێرەی سیاسیی خۆی بگەشێنێتەوە.
مونیرە عوسمان پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە"ی ڕوون كردەوە، هیچ كەسێك ناتوانێ ببێت بە نەوشیروان مستەفا و كەسیش ئەو هەوڵە نەدات، چونكە شكست دێنێت.
ئەو دەڵێ‌، "ئێمە ڕێزمان بۆ هەموو كەسێك هەیە كە ئامادەی رێوڕەسمی كۆچی دوایی كاك نەوشیروان بوون، بەڵام لەوانەیە لە ئایندەدا كەسانێك بیانەوێت بەو سەرمایە جەماوەرییەی نەوشیروان مستەفا دروستی كردووە، خۆیان ببەنە پێشەوە. بەڵام ئەو كارە كەسێتیی نەوشیروان پێی كراوە نەك كەسیتر."
مونیرە پێی وایە كە جەماوەر و هەوادارانی گۆڕان هێندە ساویلكە نین بە ئاسانی دەنگ و ڕەنگیان بگۆڕن و بگوازنەوە، چونكە لە بنەڕەتدا بەرژەوەندی كۆی نەكردوونەتەوە، بەڵكو هەوڵی یەكسانی و چەسپاندنی دادپەروەریی و دیموكراسی بەیەكەوە گرێی داون.
دوای رێوڕەسمەكە بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم "دوورخراوە" داوای لێبووردنی لە هەریەك لە سەڵاحەدین بەهادین و قادر حەمەجان كرد و ئاماژەی بەوە دا، ئەو كارە خۆڕسكانە بووە و نەدەبوو لایەنگرانی گۆڕان ئەو هوتافانە دژی ئەو كەسایەتییانە بكێشن.
چاودێرانی سیاسی ڕای دەگەیەنن، عەلی باپیر ویستوویەتی بەو قسانە سۆزی جەماوەری گۆڕان ڕابكێشێت و بە دەست ڕاوەشاندنەكانی بە خەڵك بڵێت دوای نەوشیروان من دەبمە ڕابەری ئەو جەماوەرە. 
بەهمەن محەمەد چاودێری سیاسی و پسپۆڕ لە بواری ئیسلامی سیاسی، بە"وشە"ی گوت، "عەلی باپیر بەو هەڵسوكەوت و قسانەی ویستی بڵێ‌ من دەبمە شوێنگرەوەی نەوشیروان مستەفا، بەڵام خەڵك لەو جۆرە ئایدیۆلۆجیایە تێری خواردووە و چیتر بە ئاراستەیەكی پێشوەخت بڕیار نادات".
"ئەو جەماوەرەی لەوێ‌ بوون، ئەوەی كردیان تەنیا كاردانەوەیەك بوو بۆ كۆمەڵێك هەڵوێستی پێشوو نەك بەیعەتدان یان لایەنگری و چوون بەرەو وپیری عەلی باپیر و تەوژمی ئیسلامیی" بەهمەن وای گوت. 

سلێمانی- شاد كەیوان





وشە - تایبه‌ت