كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانی كوردستان، بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوودا بەڕێوە بچێت. گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئاشكرای دەكات، كۆبوونەوەكە چارەنووسسازە و پرۆسەی وەبەرهێنان لە كوردستان دەخاتە قۆناغێكی نوێوە.
مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، ئەو كۆبوونەوەیەی باسی لێ دەكرێت، بەم نزیكانە ئەنجام دەدرێت و زۆر گرینگ و پڕبایەخ دەبێت بۆ داهاتووی وەبەرهێنان لە كوردستاندا.
بە گوتەی ئەو وەبەرهێنەرە لە ماوەی رابردوودا وەك ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوە گشتییەكە، كۆبوونەوەیەكی ئامادەكاری كرا بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە تیایدا پارێزگارەكان، بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەبەرهێنان و یەكێتیی وەبەرهێنەران ئامادەی بوون، چەندان بابەتی گرنگ لەبارەی سێكتەرەكانی پیشەسازی، گەشتوگوزار و كشتوكاڵ تاوتوێ كران.
مەلا یاسین ئەوەی خستە ڕوو كە لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، رۆژانی یەكشەم و دووشەمی رابردوو لە دەستەی وەبەرهێنان سێ كۆبوونەوەی زۆر گرنگ كران لەگەڵ وەزارەتەكانی بازرگانی و پیشەسازی، شارەوانی، پلاندانان و كشتوكاڵ وەك ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوە گشتییەكە.
لە كۆبوونەوەكاندا كۆمەڵێك خاڵ و رێنوێنی قسەیان لەسەر كرا كە لە كۆبوونەوە گەورەكەی دوو هەفتەی داهاتوو دەكرێن بە بڕیار و لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان واژوو دەكرێن، بەمەش لە كوردستان وەبەرهێنان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.
بەگوتەی مەلا یاسین ئەوەی جێگەی بایەخە ئەوەیە، پڕۆژە چاكسازییەكانی حكوومەت بەبێ هاوكاری كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان، ناچنە بواری جێبەجێكردنەوە. ئەو دەڵێت "ئەوەی دڵمان پێی خۆشبوو، ئەوەبوو حكوومەت دەیەوێت لە رێگەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و وەبەرهێنەران هەندێك سێكتەری گشتی كە پەكیان كەوتووە، كەرتی تایبەت تیایدا رۆڵ ببینێت."
لە ماوەی رابردوودا كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژیی وەبەرهێنەران بەتایبەت ئەوانەی پێوەندییان بە ژێرخانی ئابووریی كوردستان هەیە، وەستاون و ئەوەی بووەتە مایەی دڵخۆشی وەبەرهێنەران ئەوەیە، حكوومەت لە داهاتی گشتی نایەوێت چیتر بەتەنیا پشت بە نەوت و گاز ببەستێت و سیاسەتەكە ئەوەیە بیگۆڕێت بۆ "سێكتەرەكانی گەشتوگوزار، پیشەسازی، كشتوكاڵ" كە زیاتر كەرتی تایبەت رۆڵ دەبینێت.
بۆ ئەوەی حكوومەت كەرتی تایبەت بەهێز بكات، مەلا یاسین پێشنیازی پێنج رێكار دەكات، یەكەم بریتییە لە تۆكمەكردنی یاسا و رێنوێنییەكان، دووەم پاڵپشتی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان، سێیەم رەخساندنی ئاسانكاری، چوارەم هاندانی وەبەرهێنەران و دواجار پشتبەستن بە سیستەمی بیمە و بانك و كەرتی تایبەت بە شێوەیەك گۆڕانكاری بەسەردا بێت، سەدان هەزار فەرمانبەر لەخۆ بگرێت.
بۆ نموونە دەبێت رێنوێنییەكی گەورە لەلایەن حكوومەتەوە دەربكرێت فەرمانبەرانی كەرتی تایبەتیش هاوشێوەی حكوومەت بیمە بكرێن و كۆتا بە راژەكانیان نەهێنرێ، بەڵكو ماف و ئیمتیازی گشتییان هەبێت و خانەنشین بكرێن.
حكوومەت چەندە سوور بوو لە كەمكردنەوەی مووچە و پرسی پاشەكەوت، بە بۆچوونی مەلا یاسین دەبێت بە هەمان ئاست سوور بێت لەسەر بەهێزكردنی كەرتی تایبەت، چونكە پڕۆژە چاكسازییەكان سەرناگرن ئەگەر هاوكاری كەرتی تایبەتی لەگەڵدا نەبێت. دەیان پڕۆژەی چاكسازی هەن بڕیاریشی بۆ دەركراوە، بەڵام جێبەجێ نابن.بەگوتەی خۆی "هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێنینەوە، كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان پەكی كەوتووە".
سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەران ئاماژە بە بەرنامەیەكی حكوومەت دەدات كە بەگوێرەی ساڵەكانی ٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ساڵی چاكسازی بوون لە كەرتی گشتی، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ ساڵی چاكسازی دەبێت لە كەرتی تایبەت، ساڵی ٢٠١٨ رێكخستنەوەی كەرتی تایبەتی كوردستان.
ساڵی ٢٠١٧ چەندان كۆنفرانس و گفتوگۆ كراون و هەموویان بۆ ئەوەن چاكسازی لە كەرتی تایبەتدا بكرێت.
لەبارەی كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوە گرنگەكە؟ مەلا یاسین گوتی، دەبێت چاوەڕوان بكرێت لەلایەن سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان كە ئێستە نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی، سكرتێریەتی، ئاگادار بكرێینەوە، كۆبوونەوەكە گرنگە چونكە كۆمەڵێك بڕیار و رێنوێنیی باش دەردەكرێت و هەرێمی كوردستان لەو دڵەڕاوكێ ئابوورییە رزگار دەكات.