بۆ مانگی رەمەزان خشتەیەكی نوێی كارەبا دادەنرێت

:: AM:10:34:25/05/2017 ‌

 

ئەو خشتەیەی لە ١٥ی ئەم مانگە راگەیەنرا تایبەت بوو بە ١٠ رۆژی پێش رەمەزان و بڕیارە بۆ مانگی رەمەزان خشتەیەكی نوێ رابگەیەنرێت. بەڕێوەبەرایەتی مۆلیدە ئەهلییەكان لە كۆبوونەوەدایە بۆ ئەوەی خشتەكە رێك بخات.

 

قارەمان مەولود بەڕێوەبەری مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ "وشە" روونی كردەوە خەریكی دانانی خشتەیەكن تایبەت بە رەمەزان و دەیانەوێت بە شێوەیەك ئەو خشتەیە دابنێن، نە خەڵك و نە خاوەن مۆلیدە ئەهلییەكان زیانیان بەرنەكەوێت و لە توانایان دابێت دابینی بكەن.

 

 ئەو دەڵێت ئێستە تاوتوێی خشتەكە دەكەن و دوای سەعات ١٢ ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان ئاشكرا دەكەن.

 

بە گوێرەی خشتەكەی ١٠ رۆژی رابردوو، لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ تا پێنجی ئێوارە هەر كاتێك كارەبای نیشتیمانی پچڕابا، پێویست بوو مۆلیدەكان كارەبا بە هاووڵاتیان بدەن. هاوكات لە سەعات حەوتی ئێوارەوە تا سەعات یەكی شەو دیسان ئەو ئەركە خرابووە سەر شانی مۆلیدەكان كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.

 

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانای دابینكردنی كارەبای كەمتر دەبێتەوە و هۆكارەكەش بۆ بەكاربردنی زیاتری كارەبا دەگەڕێتەوە چونكە ئەو كارەبایەی حكوومەت بەرهەمی دەهێنێت دیاریكراوە.

 

 



وشە - سلێمان تاشان