چەند رۆژێكە ئامێری تیشك لە نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، كە تاكە نەخۆشخانەی گەورەی سنوورەكەیە، لەكاركەوتووە و بەو هۆیەشەوە ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بەو ئامێرە هەیە دەبێت بچن بۆ نەخۆشخانەی شارەكانی دەورووبەر، بەرپرسانی نەخۆشخانەكە دەڵێن داوایان لەو كۆمپانیایە كردووە، كە سەرپەرشتی چاككردنەوەی ئامێرە پێشكەوتووەكە دەكات بەزووترین كات سەردانیان بكەن، بەڵام هێشتا نەهاتوون بەدەنگیانەوە.
رەسوڵ ئەحمەد، یەكێك لەو نەخۆشخانەی سەردانی نەخۆشخانەكەی پێنجوێنی كردبوو، بەنیگەرانییەوە بۆ "وشە" گوتی "ئەمڕۆ من دەستم شكاوە و پێویستی بەتیشك هەیە، پێیان گوتم ئامێرەكە لەكار كەوتووە."
ئەو پێی وایە ناكرێت بۆ یەك تیشك نیو سەعات بە ئۆتۆمبێل رێگە ببڕن و پێویستە نەخۆشخانەكە هەرچی زووە ئامێرەكە چاك بكاتەوە.
لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، لەلێدوانێكدا، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ماوەی چەند رۆژێكە ئامێری تیشكی نەخۆشخانەكەیان لەكار كەوتووە و بەوەش ناتوانن لەئێستەدا كاری تیشك بۆ هاووڵاتیان و نەخۆشەكانی سنووری پێنجوێن و دەوروبەری بكەن.
ناوبراو، ئاماژەی بەوەش كرد ئەم ئامێرەی لەكاركەوتووە پێی دەگوترێت (CR) كە تەواو دیجیتاڵە و هیی حكوومەتی عێراقە و ئۆفیسی كۆمپانیاكە لەبەغدایە و ئامێرەكەش ئەمەریكییە و لەگرێبەستی كۆمپانیادایە، تا ماوەی پێنج ساڵ چاككردنەوە و فۆرماتی لەئەستۆی كۆمپانیادا دەبێت و بەسیستەمی كۆمپیوتەری دیجیتاڵی كار دەكات.
ئەو ئەوەشی خستەروو، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە پێوەندییان كردووە بەئۆفیسی سەرەكی كۆمپانیاكەوە لەشاری بەغدا، كە ئەندازیار بنێرن، بەڵام هێشتا نەهاتوون. هەڵبەت گوتوویانە دوو ئەندازیاریان ناردووە، بەڵام لەبازگەی كەركوك نەیانهێشتووە بێنە كوردستان گوایە باجەكانیان كێشەی یاسایی هەیە.
شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی ١٠٠ كیلۆمەتر لەشاری سلێمانی و 40 كیلۆمەتر لەشارۆكەی سەیدسادق و پارێزگای هەڵەبجە و ناوچەی هەورامان دوورە، ژمارەی دانیشتووانەكەی لەئێستەدا نزیكەی ٥٧ هەزار كەس دەبێت و تەنیا یەك نەخۆشخانەی گشتی و دوو بنكەی تەندروستی لەناو شارۆكەی پێنجوێندا هەیە و جگە لەوەش زۆربەی بنكەی تەندروستی گوندەكانی دەوروبەری بەهۆی قەیرانی داراییەوە داخراون .
پێنجوێن/ڕێبین پێنجوێنی.