هاوسەرەكەی مۆراتا ناچاری دەكات روو لەم یانەیە بكات

:: AM:10:53:25/05/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان جەختیان كردەوە كە ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیك بووەتەوە لە جێهێشتنی یانەكەی و دیاریكردنی ئەو یانەیەی كە وەرزی داهاتوو یاریی تێدا دەكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی بەفەرمی گفتوگۆی لەگەڵ مۆراتا دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بیباتە نێو یاریگەی سان سێرۆوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە مۆراتا نزیكە لە رازیبوونی بۆ گواستنەوەی یانەی میلان، چونكە شارەزاییەكی باشی لە خولی ئیتاڵیا هەیە كە لە ریزی یانەی یۆڤانتۆس یاریی دەكرد، هەروەها هاوسەرەكەشی ناچاری كردووە دووبارە بگەڕێتەوە ئەو وڵاتە.

ئەگەر مۆراتا رازی بێت بگەڕێتەوە ئیتاڵیا، ئەوا دەبێت بەوەش رازی بێت مووچەیەكی كەمتر لە یانەكانی خولی ئینگلیزی وەك چێڵسی و مانچستەر یونایتد وەربگرێ.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید رازی نابن لە فرۆشتنی مۆراتا بە كەمتر لە 60 ملیۆن یۆرۆ.

مۆراتا ئەم ساڵ بەشێویەكی كەم وەك یاریزانی سەرەكی بەشداریی لە یارییەكانی یانەی ریال مەدرید كرد، بەڵام لە هەمان كاتیشدا گۆڵێكی زۆری تۆمار كرد كە لە كۆی 42 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا 20 گۆڵ بوو، هەروەها 6 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی دروست كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م