دوا زانیاری له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی گه‌نمی جووتیاران

:: PM:02:09:09/10/2016 ‌
چوار رۆژ دوای لێدوانی پەرلەمانتارێكی بەغدا بۆ رەزامەندی پیشاندانی حكوومەتی عێراق بە خەرجكردنی نیوەی قەرزی جووتیاران، هێشتا پارەكە نەگەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و نوێنەری جووتیارانیش دەڵێت، ئەوە ماوەتەوە بە چ میكانیزمێك پارەكە بە جووتیاران بدرێت.
 
هەفتەی رابردوو نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، حكوومەتی عێراق رەزامەندی نیشان داوە لەسەر خەرجكردنی نیوەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵەكانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ كە بڕەكەی ٣٠٩ ملیار دینارە و تەنیا ئەوە ماوەتەوە پارەكە بگوازرێتەوە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.

یەكێك لەو كێشانەی نەوزاد مەحموود سەرۆكی یەكێتی گشتیی جووتیارانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی پێ كرد، ئەوەبوو هێشتا بڕی قەرزی جووتیاران چەكەكانیان رێك نەخراوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی جووتیاران، چەكەكان بە هاوكاریی سایلۆكان دوای ئەوە دەنووسرێن كە بڕە پارەیەك لە بەغدا دیاری كرابێت و ئێستە كە نیوەی قەرزی ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ی جووتیاران دیاری كراوە، ئەوا دەبێت نیوەی چەكی جووتیاران بنووسرێت.

یەكێك لە كێشەكانیش ئەوەیە جووتیاران بۆ رادەستكرنی هەر بارهەڵگرێكی دانەوێڵە، چەكێكی جیایان بۆ كراوە و دەبێت چەكەكانیان یەك بخرێت و ئەمەش هەندێك كاتی دەوێت.

نەوزاد مەحموود ئەوەی خستە ڕوو كە بڕی گشتیی قەرزی ئەو دوو ساڵەی جووتیاران كە لای بەغدایە، ٦٤٠ ملیار دینارە و زانیویانە حكوومەتی عێراق لە بەرنامەیدایە بە رژدی سەرجەم قەرزەكە بداتە جووتیاران.

پێویستە بگوترێت بڕی ئەو قەرزەی جووتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٦، سەرووی ٧٠٠ ملیار دینارە و لەو ساڵەدا جووتیارانی كوردستان سەرووی ٩٠٠ هەزار تۆن دانەوێڵەیان رادەستی سایلۆكان كردووە.

وشە/سلێمان تاشان


وشە - سلێمان تاشان