پیاوان بۆیان نییه‌ له‌م شوێنه‌ بژین

:: PM:08:27:26/10/2016 ‌
گوندێكی وڵاتی كینیا بووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ ئه‌و ئافره‌تانه‌ی له‌ پیاوان راده‌كه‌ن یان كێشه‌یان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م گونده‌دا هیچ پیاوێك بۆی نییه‌ بژیت و ته‌نها تایبه‌ته‌ به‌ ژن و منداڵان.

ئه‌م گونده‌ی كینیا كه‌ پیاوان ناتوانن تیایدا بژین ناوی ( umoja  - ئه‌مۆجه‌)یه‌، به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی گاردیانی ئه‌مریكی ئه‌و یاسایه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، یاخود جیابوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و په‌ناگه‌ ئارامه‌یان بۆخۆیان دروست كردووه‌ و تێیدا ده‌ژن.

ته‌مه‌نی ئه‌و گونده‌ 22 ساڵه‌ و مانای راسته‌قینه‌ی ناوی گونده‌كه‌ به‌زمانی كینی، واته‌ "یه‌كگرتوویی" ئه‌مه‌ش وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ یه‌كگرتنی ژنان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زوڵمی پیاوان.

"ئه‌مۆجه‌" به‌ نموونه‌یه‌كی خۆراگری ژنانی ئه‌فریقیا داده‌نرێت، بۆ پشت به‌خۆ به‌ستن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ كێشه‌ی ده‌ستدرێژی و توندوتیژی دژ به‌ ژنان له‌و وڵاته‌ دواكه‌وتووانه‌ ناكات، به‌ڵام به‌هه‌وڵێكی باشی خۆراگری ژنان دژ به‌ ده‌ستدرێژی و توندوتیژی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێت.



وشە - عه‌لی سدیق