بۆچی زێدان پێداگیری لە بەشداریكردنی بێڵ بەرامبەر یۆڤانتۆس دەكاتەوە

:: PM:12:04:25/05/2017 ‌

تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)ی ئینگلیزی ئەو هۆكارەی ئاشكرا كرد كە زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید پێداگیری لە بەشداریكردنی گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی دەكاتەوە بۆ یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی یۆڤانۆسی ئیتاڵی.

بێڵ ماوەیەكە بەهۆی پێكانەوە بەشداریی لە یارییەكانی یانەی ریال مەدرید ناكات، بەڵام زێدان داوای لە پزیشكەكانی یانەكەی كردووە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی ئەو یاریزانەیان بۆ یاریی كۆتایی ئامادە بێت كە بڕیارە رۆژی 3ی مانگی داهاتوو لە شاری كاردیفی ویڵز بێتە ئەنجامدان.

بێڵ تا ئێستا بەشداریی لە 5 یاریی كۆتایی یانەی ریال مەدرید كردووە و تێیدا 3 گۆڵی تۆمار كردووە و 2 گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردووە.

بێڵ گۆڵێكی لە یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی جامی شای ئیسپانیا تۆمار كردبوو، لە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەروپاش لە شاری لیشبۆنە گۆڵێكی لە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید تۆمار كردبوو، لە یاریی كۆتای جامی جیهانی یانەكانیش گۆڵێكی لە یانەی سان لۆرێنزۆ تۆمار كردبوو.

بێڵ هەروەها دوو گۆڵی تریشی لە یارییەكانی كۆتایی بەرامبەر یانەی سڤیلییە لە جامی سوپەری ئەوروپا و بەرامبەر یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لە شاری میلانۆ دروست كردبوو.

لەبەر ئەم هۆكارانە زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدرید داوای لە پزیشكەكانی یانەكەی كردووە هەموو كارێك بكەن بۆ ئامادەكردنی بێڵ لە یاریی كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆس.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م