چێشتخانە کراوەکانی رەمەزان دەبێت لە جەژنیشدا کراوە بن

:: PM:12:11:25/05/2017 ‌

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەمە لە پرێس کۆنفرانسێکدا نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر ئامادەکارییەکان و رێنماییەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزانی راگەیاند و داوای لە هاووڵاتیان کرد رەچاوی پیرۆزیی مانگی رەمەزان بکەن.

 

ئەو گوتی خواردنگە و چێشتخانەکان بۆیان هەیە لە مانگی رەمەزاندا کراوە بن بەڵام دەبێت بەڵیننامەیەک پڕ بکەنەوە و سەرجەم رێنماییەکانی پێوەندیدار بە مانگی رەمەزانیش جێبەجێ بکەن.

 

یەکێک لەو مەرجانەی بۆ چێشتخانەکان داندراوە ئەوەیە لە رۆژانی جەژنیشدا چیشتخانەکە بە کراوەیی بهێڵنەوە چونکە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و ناکرێت لە رۆژانی جەژندا چێشتخانەیەک نەبێت پێشوازی لە میوانان بکات.

 

هاوکات مەرجی ئەوە بۆ چێشتخانە و کافتریاکان داندراوە بە پەڕۆکی سپی بەردەمی دووکانەکەیان دابپۆشن وەک نەریتێکی کوردەواری و رێزگرتن لە هاووڵاتیان.

 

قایمقامی هەولێر باسی لەوەش کرد کە لە مانگی رەمەزاندا سەرجەم فرۆشگاکانی مەی دادەخرێن و ئەو بڕیارە عەنکاوەش دەگرێتەوە کە زیاتر خەڵکی مەسیحی تێدا دەژیت.  هەڵبەت هوتێلە چوار ئەستێرە  وپێنج ئەستێرەکان لەدوای بانگی مەغریب بۆیان هەیە ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش بکەن.

 

سەبارەت بەو خواردنگەیانەی کە شەوانی مانگی رەمەزان لە سەر شەقامەکان دادەنرێن قایمقامی هەولێر گوتی دەبێت رەزامەندی شارەوانی پێوەندیدار بێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک کێشە بۆ هاتوچۆ و هاووڵاتیان دروست بکەن، جگەلەمە دەبێت سەرجەم رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

 

 



وشە - سلێمان تاشان