حەشدی شەعبی: بەشداریكردنمان لە شەڕی حەویجە یەكلا بووەتەوە

:: PM:02:09:25/05/2017 ‌

شارۆكەی حەویجە بە دووریی 30كم لە باشووری ڕۆژئاوای كەركووك وەك ناوەندێكی چەكدارانی داعش ماوەتەوە. هێزە چەكدارەكانی عێراق كە گرێدراوی سیاسییان هەیە، ناكۆكییان لەسەر بەشداریكردن و نەكردن لە شەڕی ئازادكردنی شارۆكەكە هەیە.

بەگوتەی ڕائید شاكر شەمەری فەرماندەی سەربازیی سوپای عێراق، حەشدی شەعبی خۆی بۆ گرتنەوەی حەویجە و ناوچەكانی دەروبەری ئامادە كردووە، بۆیە تا ئێستە بڕیاری هێرشیان نەداوە، "چونكە ئێمە و خەڵكی سنوورەكە قبووڵی ناكەین حەشد بەشداری شەڕی حەویجە بكات".

شەمەری بۆ "وشە" دەڵێ‌، "پێش شەڕی مووسڵ لەگەڵ هاوپەیمانان و فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە كۆ بووینەوە بۆ ڕزگاركردنی حەویجە، بەڵام نەگەیشتینە ئەنجام، بۆیە بە بڕیاری هاوپەیمانان ئازادكردنەوەی حەویجە دوا خرا".

حەویجە جگە لە سەنتەری شارۆكەكە، شارەدێیەكانی زاب، عەباسی، ریاز، ڕەشاد، عەرزە و بەسل لەخۆ دەگرێت و ئەو ناوچانە بەدەست داعش ماونەتەوە. ئێرە ناوچەیەكی كوردستانییە و بەتەواوەتی تەعریب كراوە، هۆزەكانی جبووری، عوبێدی، شەمەری و دلێمی تێدا نیشتەجێن.

فەرماندەكەی سوپای عێراق، ئاشكرای دەكات "پێش 11 مانگ پێشمەرگە و سوپای عێراق پلانیان بۆ ئازادكردنی حەویجە هەبوو، بەڵام حەشدی شەعبی هاتە ناو باسەكە و پلانەكەی تێك دا".

لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆك ئەركان بۆ كردەوەگەلەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات، هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو كردەوەگەلە ئامادەیە و تەنیا بڕیاری هاوبەش ماوەتەوە. بە"وشە"ی راگەیاند "هیچ كاتێك دیار نییە بۆ ڕزگاركردنەوەی حەویجە، بەڵام هەر كاتێك بێت ئێمە ئامادەین".

"بەر لە دەستپێكی كردەوەگەلەكە پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم هێزەكانی عێراق بكرێت و بڕیار بدرێت كێ‌ بەشداری ئەو شەڕە دەكات" لیوا قارەمان وای گوت.

لە 21ی شوباتی 2017 سەرۆك هۆزەكانی سنوورەكە و وەزیری بەرگری و فەرماندە باڵاكانی عێراق لە سەڵاحەدین كۆبوونەوەیەكیان لەبارەی حەویجەوە ساز كرد، بەڵام وەك شێخ سامح سەرۆكی هۆزی دلێمی لە شارۆكەی زاب روونی دەكاتەوە، "كۆبوونەوەكە ئەنجامی نەبووە".

دلێمی بە"وشە"ی گوت "لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری بەرگریی عێراق چەندان جار دووبارەی كردەوە كە حەشدی شەعبی بەشداری لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە دەكات، بەڵام ئێمە ڕەتمان كردەوە، لەبەرئەوە كۆبوونەوەكە ئەنجامی نەبوو".

سەرەڕای ناڕەزایەتی هۆزە عەرەبییەكانی سنوورەكە، پێ دەچێت لە ئاستێكی باڵادا بڕیار لە بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی حەویجە درابێت، وەك ئەوەی بەیاع قاسمی فەرماندەی حەشدی شەعبی لە باكوری تكریت ئاماژەی بۆ دەكات.

قاسمی بە"وشە" راگەیاند "بەشداری ئێمە لە گرتنەوەی حەویجە یەكلا بووەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە شێوازی بەشداریكردنمانە، چونكە حەشدی شەعبی باشتر لە سوپای عێراق دەتوانێت لە ناوچەكانی ریاز و رەشاد مامەڵە بكات".

"ئێمە پلانی رزگاركردنی ناوچەكانی بەشی باشووری حەویجەمان داناوە، چاوەڕوانی دەستپێكردنی كردەوەگەلەكەین" قاسمی وای گوت.
چاوەڕوان دەكرێت لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هەردوو لیوای ١١٤ و ١٣٦ بەشداری ئازادكردنی حەویجە بكەن كە لە ماوەی رابردوودا بەشداری چەند خولێكی راهێنانی شەڕی كۆڵان بەكۆڵانیان كردووە.

لەو ناوچەیەدا جگە لە میلیشیا شیعەكان، هێزی چەكداری سوننە كە بە حەشدی عەرەبی ناو دەبرێن، ئامادەیییان هەیە.
ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆكەی حەویجە و گوتەبێژی حەشدی عەرەبی، بۆ "وشە" رونی كردەوە "وەك یەكەی كارگێڕیی حەویجە و حەشدی عەرەبی، بەشداری ئەو شەڕەین و قبووڵی ناكەین هێزی تر بەشداری بكات، بە تایبەت حەشدی شەعبی نابێت بەشداری بكات".

ئەندامەكەی شارۆكەی حەویجە زیاتر دەڵێ‌، "دوای كێشەكانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، بڕیاری دروستكردنی حەشدی عەرەبی درا، چونكە كەس ئامادە نەبوو قبووڵی بكات حەشدی شەعبی بەشداری بكات، بۆیە حەشدی عەرەبی لە كوڕانی شارۆكە حەویجە دروست كرا".

داعش لە سەرەتای حوزەیرانی 2014 حەویجە و شارەدێ و گوندەكانی ناوچەكەی داگیر كرد و ئێستەش زۆربەی ئەو ناوچانەی بەدەستەوەیە، هاوكات بڕیار بوو بەر لە دەست پێكردنی جەنگی مووسڵ، حەویجە ئازاد بكرێت، بەڵام بە بڕیاریكی حكوومەتی عێراق جەنگی مووسڵ دەستی پێ كرد و حەویجە دوا خرا.

هەولێر/ رامیار جەواد



وشە - تایبه‌ت