ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەرلەمنتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای دەست لە كاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجوومەن كرد و داواكەی پەسەند كرا ، سەرۆكی فراكسیۆنەكەش داوای دەستنیشانكردنی كەسێك لە شوێنی دەكات لە كۆمسیۆن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی ئایار/مایۆ، خەسرۆ گۆران پەرلەمانتاری دەست لە كار كێشاوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هۆكاری دەست لە كاركێشانەوەی من تەنها بەهۆی كاری حزبی خۆمەوەیە و دەمەوێ خۆم تەرخان بكەم بە كاركردن لە دەزگەی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
زیاتر روونی دەكاتەوە، من دەمەوێ كارەكانم لەناو پارتی ڕێك بخەم و قۆناغەكەی من لە ئێستەدا وادەخوازێت، بۆیە دوێنێ 24ی ئایار داوای دەست لە كار كێشانەوەم بەرز كردەوە و ئەمڕۆش ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندی كرد.
عەرەفات كەرەم سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای دەست لەكاركێشانەوەی خەسرۆ گۆران ئێمە داوایەكمان بەرز كردۆتەوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەرەبەخۆی هەڵبژردنەكان بۆ دیاری كردنی شوێنگرەوەی ئەم پەرلەمانتارە.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، خەسرۆ گۆران لەسەر پشكی شاری دهۆك بوو بۆیە بەگوێرەی یاسا دەبێت ئەو كاندییدەی شوێنی دەگرێتەوە هاووڵاتی شاری دهۆك بێت و زۆرترین دەنگی هێنابێت، بەڵام دەرنەچوبێت و لەسەر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم لە دوا دانیشتنی ئاسایی ئەم وەرزەی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، دەست لەكاركێشانەوەكەی خەسرۆ گۆران خرایەڕوو و ڕەزامەندی لەسەر درا. تا ئێستە دیار نییە كێ وەك پەرلەمانتار لە شوێنی خەسرۆ گۆران دەبێتە ئەندامی پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام بۆ پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا، پێشتر د.عەرەفات كەرەم ئەندامی فراكسیۆنەكە وەك سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا دیاریی كرا.