عێراق مێژوویه‌كی دوور و درێژی له‌گه‌ڵ ئاواره‌ییدا هه‌یه، له سه‌رده‌می رژێمه‌كانی پێشوو و له دوای 2003 و دامه‌زراندنی عێراقی نوێش ئه‌و دۆخانه به‌رده‌وامن و ته‌نیا ناسنامه‌ی ئه‌تنی و نه‌ته‌وه‌یی ئاواره‌كان گۆڕاون
ئێسته عێراق سه‌رووی سێ ملیۆن ئاواره‌ی ناوخۆیی هه‌یه و زۆرینه‌یشیان ناوچه‌كانیان ئارامه به‌ڵام رێ نادرێ بگه‌ڕێنه‌وه. ئه‌مه جۆره‌ها شیكاری بۆ ده‌كرێ به‌وه‌ی وڵاتان رێگه ناده‌ن یان میلیشیاكان، به‌ڵام خه‌ڵك قوربانی سه‌ره‌كییه.
موته‌شه‌ڕ سامه‌ڕایی په‌رله‌مانتاری عێراق له‌وباره‌وه به"وشه"ی راگه‌یاند، كاتێك له حكوومه‌تی عێراق ده‌پرسین هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان چییه، باسی چه‌ند هۆكارێكی بڕوا پێنه‌كراو ده‌كه‌ن، له راستیدا هۆی راسته‌قینه ئه‌وه‌یه ئێران رازی نییه، واته ئه‌گه‌ر ئێران رازی بێت هه‌موویان ده‌گه‌ڕێنه‌وه، بۆیه پاڵه‌په‌ستۆ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه هه‌یه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان.
زیاتر گوتی، نوێنه‌ری ئه‌و پارێزگایانه‌ی ئاواره‌یان هه‌یه ته‌نیا ده‌توانن داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامدانه‌وه‌یان له خوار خواسته‌كانه‌وه‌یه، له په‌رله‌مان ده‌نگمان له‌سه‌ر ئه‌وه دا كه 3.8%ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق بۆ ئاواره و حه‌شدی شه‌عبی بێت، به‌ڵام ئاواره‌كان ئه‌و به‌شه‌یان پێ نه‌گه‌یشت و خاوییه‌كی زۆر له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه هه‌یه.
سامه‌ڕایی دووپاتی كرده‌وه كه سوودوه‌رگرتنێكی سیاسی له كه‌یسی ئاواره‌كاندا هه‌یه و ئه‌وان وه‌ك كارتێكی پاڵه‌په‌ستۆ به‌كار ده‌هێنرێن، بۆیه ئێسته عێراق بووه‌ته گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئازادكردنی رفێنراوانی قه‌ته‌ری بوونه كارتێك بۆ ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك ئۆپۆزسیۆنی حكوومه‌تی سووریا، بۆیه ئاواره‌كانیش بوونه‌ته كارتێكی سیاسی و له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكه‌وه به‌كار ده‌هێنرێن.
روونی كرده‌وه، گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕی له هه‌موو كایه‌كانی عێراقدا هه‌یه له‌وانه‌ش له كه‌مپ و دۆسیه‌ی ئاواره‌كان، به‌ڵام نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان پێوه‌ندی به‌و گه‌نده‌ڵییانه‌وه نییه، به‌ڵكو پێوه‌ندی به گۆڕینی دیمۆگرافی و سوود لێوه‌رگرتن له نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌ستی تره‌وه هه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی له بێجی هه‌یه به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری حه‌شدی شه‌عبی نایه‌ڵن خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنه‌وه.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره زیاتر ده‌ڵێت، سیاسه‌توانانی سوننه به‌رژه‌وه‌ندییان له دواخستنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كاندا نییه، به‌ڵكو هۆكاره‌كه گۆڕینی دیمۆگرافی و هه‌وڵدانه بۆ به‌شیعه‌كردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق وه‌ك جورف ئه‌لسه‌خه‌ر له بابل و ناوچه‌كانی پشتێنه‌ی به‌غدا و دوجێل و به‌له‌د و نزیك سامه‌ڕا و سه‌ید غه‌ریب و هیتریش كه ده‌كه‌ونه خانه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافی و تایفی له‌و ناوچانه، ئه‌گه‌ر نا هۆكاری ئابووری یان ته‌ناهی بوونیان نییه، بۆیه دۆسیه‌ی ئاواره‌كان بووه‌ته كارت و لایه‌نی پێ‌داگر له كاتێكی تر به‌كاری دێنێت به‌وه‌ی رێگه ده‌دات به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان له به‌رامبه‌ر چه‌ند ده‌سكه‌وتێكه‌وه.
موته‌شه‌ڕ دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر داعش‌یش نه‌مێنێت، له ئه‌نجامی ئه‌و سته‌م و مامه‌ڵه سته‌مكارییه له داعش خراپتر دروست ده‌بێت، به‌ڵام پێ ده‌چێت كه حكوومه‌ت و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كه هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان بێتوانان و پاڵه‌په‌ستۆی گه‌وره‌یان له‌سه‌ره.
شێخ موزاحم ئه‌حمه‌د حوێت گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا له‌وباره‌وه به "وشه" ده‌ڵێت، چه‌ند هۆكارێك هه‌ن بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان، هه‌یانه یارمه‌تی داعشی داوه و به‌شداری له تاوانه‌كانیدا كردووه، ئه‌وانه به‌هیچ جۆرێك ناتوانن بۆ ناوچه‌كانیان بگه‌ڕێنه‌وه، هه‌یانه ناوچه و خانووه‌كانیان وێران كراوه به‌هۆی جه‌نگه‌وه، ئه‌وانه‌ش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، هه‌شیانه وه‌ك هه‌ندێك ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا كه ترسیان له گه‌ڕانه‌وه هه‌یه به‌هۆی بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری حه‌شدی شه‌عبی له هه‌ندێك له‌و ناوچانه و له ترسی كردنه ئامانجیان ئه‌وانیش ناگه‌ڕێنه‌وه.
زیاتر گوتی، هه‌روه‌ها ئاواره‌كانی شنگال و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر هه‌ن كه كێشه و ناكۆكی ئاینییان له‌گه‌ڵ دراوسێكانیان هه‌یه وه‌ك ئێزیدییه‌كان و كریستیان و تاوانیان له به‌رامبه‌ر ئه‌وان ئه‌نجام داوه و ئێسته‌ش ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه، هه‌روه‌ها بوونی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه كه تاوانی ئه‌نجام داوه و هۆكاره بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له ئاواره‌كانی شنگال.
حوێت دووپاتی ده‌كاته‌وه كه جیا له‌وانه گه‌نده‌ڵی كارگێڕی و دارایی گه‌وره له كه‌مپه‌كاندا هه‌یه له رێگه‌ی دزینی پاره‌ی ته‌رخانكراو بۆیان له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كان و كه‌سانی تێوه‌گلاو له‌گه‌ڵیاندا، ئێسته زۆرینه‌ی رێكخراوه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی بیانیشن فێری گه‌نده‌ڵی بوونه و پاره‌ی ئاواره‌كان ده‌دزن.
زیاتر گوتی، باش ده‌زانین كه كۆمه‌ككردنی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق بۆ ئاواره‌كانی مووسڵ سروشتی نییه و له ئاكاری ئه‌وانیش نییه، به‌ڵكو ئه‌وه بۆ راكێشانی ئه‌وانه به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بۆ چوونه ناو حزبه‌كانیان و حه‌شدی شه‌عبی و بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری شیعایه‌تی له‌و ناوچانه، هه‌روه‌ها بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیشه بۆ خۆیان، بۆیه كاره‌كه پێوه‌ندی به لایه‌نی مرۆیییه‌وه نییه و به‌رژه‌وه‌ندییه.
"سه‌ره‌تای ئاواره‌بوونی سوننه‌كان، سه‌رانی سوننه نه‌چوونه كه‌مپه‌كان، به‌ڵام به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بینین كه زۆرێك له‌وان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن و هاوسۆزییان ده‌كه‌ن، له‌و كاته‌ی ئه‌وان به‌شێك بوون له نه‌هامه‌تی ئه‌وان و هۆكار بۆ كه‌وتنی شاری مووسڵ به ده‌ستی داعش، هه‌روه‌ها زۆرێكیان هاوكاری نووری مالیكی بوون و به‌شداریش بوون له‌و گه‌نده‌ڵییانه‌ی كه له عێراقدا هه‌یه"، حوێت وای گوت.