گواردیۆلا یەكەم یاریزانی بۆ مانچستەر سیتی كڕی

:: PM:12:25:27/05/2017 ‌

یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ بێرنادرۆ سیلڤای پورتوگالی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مۆناكۆی فڕەنسی راگەیاند.

بەگوێرەی بەیاننامەكەی یانەی مانچستەر سیتی گرێبەستەكەیان لەگەڵ بێرنارد بۆ ماوەیەكی درێژە، رۆژنامە ئینگلیزییەكانیش باس لەوە دەكەن بەهای گرێبەستەكە 43 ملیۆن پاوەن بووە.

ئەو یاریزانە تەمەن 22 ساڵە لە كاتی ئیمزاكردنی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی گوتی: هەست بە دڵخۆشییەكی زۆر دەكەم پەیوەندیم بە یەكێك لە باشترین یانەكانی جیهانەوە كرددووە و دڵخۆشیشم بۆ وەرزی داهاتوو لەژێر دەستی پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی یاریی دەكەم.

بێرنارد یەكەم گرێبەستی هاوینەی پیپ گواردیۆلایە دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا دەستبەرداری چوار یاریزانی سەرەكی تیپەكەی بوو كە ئەوانیش برێتی بوون لە باكاری سانیا، ویلی كابایێڕۆ، خیسۆس ناڤاس و گایل كلیشێ.

جێی باسە بێرنارد كە بۆ وەرزی داهاتوو درێسی ژمارە 20ی یانەی مانچستەر سیتی دەپۆشێ، لەم وەرزەدا رۆلێكی سەرەكی گێڕا لە بەدەستهێنانی ناسناوی خولی فڕەنسا لەگەڵ یانەی مۆناكۆ و هەروەها گەیشتن بە قۆناغی پێش كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، دوای ئەوەی 11 گۆڵی تۆمار كردبوو و 12 گۆڵی تریشی بۆ هاوڕێكانی دروست كردبوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م