پەرلەمانتارێكی عێراق ئاشكرای دەكات كە هاتنی هێزەكەی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق، لە رێگەی رێككەوتنێك بووە لە نێوان وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، بۆیە قسەكانی بەغدا كە زانیاری لەوبارەوە نییە راست نییە، بۆیە ئەوان بە هێزێكی داگیركەر دادەنرێن.
ئەحمەد جبووری لەوبارەوە بۆ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی رای گەیاند كە بەپێی زانیارییەكانی توركیا، خالید عوبێدی وەزیری لەكارلادراوی عێراق لە 27ی تشرینی دووەمی 2015 لەگەڵ عیسمەت یەڵمازی هاوتا توركیایییەكەی بە ئاگەداری هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، لەسەر هاتنی ئەو هێزەی توركیا بۆ عێراق رێك كەوتوون.
زیاتر گوتی، پێ دەچێت ئەو رێككەوتنە نهێنی بووبێت و كەس پێی نەزانیوە و تەنانەت لە پەرلەمانیش باسی لێوە نەكراوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پێمان گەیشتووە، لایەنی توركیا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو پرسە دەكاتەوە دوای ئەوەی عێراق پرسەكەی گەیاندە ئەوێ.
جبووری ئاماژەی كرد كە پێویستە پەرلەمان وەك ئەركی چاودێریی خۆی لێكۆڵینەوە لەو پرسە و چۆنیەتیی هێنانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی عێراق بكات بۆئەوەی هەموو گەلی عێراق ئاگەداری راستییەكان بن.
لە چەند رۆژی رابردوو بەغدا پەنای بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش برد لەبارەی بوونی هێزێكی سەربازی توركیا لە نزیك مووسڵ و عێراق داوای پاشەكشەی دەكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەرلەمانی توركیا مانەوەی ئەو هێزانەی بۆ ساڵێكی تر درێژ كردەوە.
دوێنێ وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند كە هێزەكانی توركیا لە عێراق مەشق پێكردنە و راهێنان بەهێزەكانی عێراقی لە عەرەب و كورد و ئێزیدی و توركمان دەكات كە لە چوارچێوەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ بەشداری جەنگەكە دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان، لە مانگی كانوونی یەكەم/ یەنایەری 2015 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم سەردانی بۆ ئەنكەرە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا دەڵێ، داوامان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە پشتیوانیمان بكەن، بە پشتیوانی ئاسمانی و مەشق پێكردنی هێزەكانمان، هاوكات چاوەڕی لە توركیا و سەرۆك وەزیرانی توركیاش دەكەین لەو ڕووەوە هاوكاریمان بكەن.
وشە/ شەرقولئەوسەت-و: مەحموود ئیسماعیل