كولـلە سنووری پێنجوێنی تەنیوە

:: PM:12:54:27/05/2017 ‌

 

ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، كولـلەیەكی زۆر سنووری شارۆكەی پێنجوێن و بەشێكی هەرە زۆری ناوچەكانی دەوروبەری، بەدرێژایی رێی سەرەكی نێوان سەیدسادق، ناڵپارێز و پێنجوێنی تەنیوە، جووتیاران نیگەرانن و دەڵێن ئەگەر ئەو گرفتە گەورەیان بۆ چارەسەر نەكرێت، ئەوا زیانێكی زۆر بە بەرهەمەكانیان دەگات.

 

رێبوار زانا یەكێك لە جووتیارانی پێنجوێن بۆ "وشە" گوتی، "بەداخەوە هیچ ساڵێك وەك ئەمساڵ كولـلە بەو رێژە زۆرە لە شارۆكەی پێنجوێن و شارەدێی ناڵپارێز و شوێنە سەوزاییەكان بڵاو نەبووەتەوە".

 

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی زۆری كولـلەوە بەشێكی ئەو بەروبوومە كشتوكاڵییانەی كە پێشتر تۆوەكانیان چاندووە لەناو چوون.

 

هاوكات هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێزی سەر بەشارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان سەردانی ناوچەكەیان كردووە و لە نزیكەوە دۆخەكەیان بەسەر كردووەتەوە، دوایین جاریش پێیان راگەیەنراوە بۆ كڕینی دەرمانی دژە كولـلە، وەزارەتی كشتوكاڵ چاوەڕێی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكات بودجەیان بۆ دابین بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوا مانگی ئایار كۆتای دێت هێشتا ئەو كارە نەكراوە.

 

بەگوتەی ئەو بەرپرسە، لە زۆربەی گوندەكان و ناوچە سەوزایییەكان ئەو كولـلانە هەن و بەشێك لە جووتیارانیش خۆیان دەرمانیان كڕیوە.

 

تەها ئەحمەد ئەندازیاری كشتوكاڵی لە پێنجوێن بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، ئەو كولـلەیەی كە ئێستە لە سنوورەكەدا هەیە، كولـلەی رەش و قاوەیی پێ دەڵێن، تایبەتمەندی ئەو كولـلەیە ئەوەیە لەسەر بەرهەمی سەوزایی و لق و پۆپی دارەكان دەژی.

 

ئەو گوتی، "ئەگەر بەرهەمێكی كشتوكاڵیش پێ بگات، كولـلەكە خۆی لێ نزیك دەكاتەوە و دەیخوات، هەروەها زۆر جاریش ئەو دارانەی كە گەڵایان هەیە و خونچە و گوڵیان پێوەیە، كولـلەكە لە ناوی دەبات، كولـلەكە زۆر مەترسیدارە و تەنیا رێگەش بۆ لەناوبردنی ئەوەیە لە رێی فڕۆكەی كشتوكاڵی دەرمانیان بەسەردار بپڕژێندرێت."

 

وشە/ ڕێبین پێنجوێنی












وشە - سلێمان تاشان