هێرشی توند دەكرێتە سەر یانەی ریال مەدرید

:: PM:01:28:27/05/2017 ‌

بەشێك لە هاندەران و شارەزایانی وەرزشی هێرشی توندیان كردە سەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەبەرامبەر گرێبەستكردن لەگەڵ هێرشبەرە لاوە بەڕازلییەكەی ڤیسنسیوس لە یانەی فلامینگۆ بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ.

رۆدریگۆ بوینۆ كە رۆژنامەنووسێكی دیاری بەڕازیلییە لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا بۆ (فۆكس) گوتی: خەرجكردنی 45 ملیۆن یۆرۆ بۆ یاریزانێكی تەمەن 16 ساڵ زیادەڕۆییەكی زۆرە، چونكە ئەو یاریزانە هێشتا زۆری ماوە فێربێت.

ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشدا كە زۆرێك لە چاودێران پێیانوایە ڤینسیوس لە داهاتووشدا ناتوانێ سەرجەم داخوازییەكانی یانەی ریال مەدرید جێبەجێ بكات و هەروەها گومانیش هەیە لە داهاتوودا ببێتە ئەستێرە.

پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیش هەمان رەخنەی لە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید گرتبوو و جەختی كردبووەوە كە خەرجكردنی 45 ملیۆن یۆرۆ بۆ یاریزانێكی تازە پێگەیشتووە شتێكی چاوەڕواننەكراوە.

لای خۆشیانەوە بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید بڕوای تەواویان بە ڤینسیوس هەیە و پێیانوایە لە داهاتوویەكی نزیكدا شوێنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی پڕ دەكاتەوە و دەبێتە یەكێك لە باشترین یاریزانان و هێرشبەری جیهان.

یانەی ریال مەدرید پێیوایە ئەو كەس و لایەنانەی كە رخنەیان لێ دەگرن لەبارەی گرێبەستەكەی ڤینسیوسەوە لە دەرگەی حەسوودییانەوەیە و پێشتر خەونیان بەوە دەبینی یانەكانیان گرێبەست لەگەڵ بەهرەمەندێكی ئاوادا ئیمزا بكەن.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی رێككەوتنی لەگەڵ ڤینسیوس راگەیاند، بەڵام ئاشكرای كردبوو كە ئەو هێرشبەرە لاوە تا سەرەتای 2019 پەیوەندییان پێوە ناكات تا ئەو كاتەی تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ و كێشەی گرێبەستكردنی لەگەڵدا نامێنێ.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م