كۆمیسیۆن لەگەڵ حزبەكانی كوردستان كۆ دەبێتەوە

:: PM:03:12:27/05/2017 ‌

بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئاشكرای دەكات، بڕیارە لەم هەفتەیەدا كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان ئەنجام بدەن لەسەر چوار بابەتی گرنگ لەگەڵ حزبەكان و ڕاوبۆچوونی ئەوان لەبارەیەوە وەربگرن.

ئەمڕۆ شەموو 27ی ئایار/ مایۆ، شێروان زرار گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی دووشەمدا كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام دەدەین لەسەر چەند پرسێكی گرنگ، هەروەها نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئامادە دەبێت بۆ ئەم بابەتانە.

گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای ڕاپرسی و هەڵبژاردن دەڵێت، ئەو بابەتانەی لە كۆبوونەوەكە باسی لێوە دەكرێت بریتین لە پاككردنەوەی تۆماری دەنگی دەنگدەران و شێوازی چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكان لەلایەن لایەنە سیاسییەكان و ڕەفتاركردن و ڕەخساندنی شێوازی پێشكەشكردن.

شێروان زیاتر گوتی، ئێمە دەمانەوێت وەڵامی لایەنە سیاسییەكان بزانین لەسەر ئەم چوار خاڵە، چونكە پێشتر بۆیان نێردراوە ئێستە وەڵامیان لێ وەردەگرین، هەروەها گفتوگۆش لەسەر خاڵەكان دەكرێت ئەگەر تێبینییەكیان لەسەری هەبوو یان شێوازی تریان دیاری كردبوو.

لە سەرەتای ساڵی 2014 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان دامەزرا بەمەبەستی چاودێریكردن و كاركردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان لەكاتی پێسپاردنی ئەم ئەركە.



وشە - رامیار جەواد